بە ئامانجی 'پێکەوە گەشە دەکەین، پێکەوە ئەنجامی دەدەین' ڕێکخراوی مەرزیە دامەزرا

ڕێکخراوی مەرزیە بۆ پەرەپێدانی توانا هونەریەکانی ژنان، بە دروشمی " ئێمەی هونەرمەندانی ژن هونەری ڕەسەنی کوردیی دەژێنینەوە و پارێزگاری لێ دەکەین" کرایەوە.

سلێمانی

 

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی، مەڕاسیمی کردنەوەی ڕێکخراوی مەرزیە بۆ گەشە پێدانمی توانا هونەریەکانی ژنان، بە بەشداریکردنی چەندین ژنی هونەرمەند و خاوەن بەهرە بۆ پەرەپێدان بە تواناکانی ژنان لە بوارەکانی شانۆ، سینەما، میوزیک و گۆرانی کرایەوە.

 

 

سەرەتا مەڕاسیمەکە بە دەقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان دەستیپێکرد، پاشان زریان ئەحمەد، سەرۆکی ڕێکخراوی مەرزیە وتاری ڕێکخراوەکەی خوێندەوە و تیادا ئاماژەی بەوەرکرد، ڕێکخراوی مەرزیە ڕێکخراوێکی هونەری و کولتووری ژنانە، بۆ گەشە پێدانی توانا هونەریەکانی ژنان لە بوارە هونەریەکانی وەک 'شانۆ، سینەما، میوزیک، گۆرانی، شێوەکاری و کاری دەستی' کاردەکات.

 

"ژنان توانای هونەرییان لە بواری هونەردا دەردەخەن"

سەرۆکی ڕێکخراوەکە، باسی لەوەکرد لە ڕێگەی ڕێکخراوەکەیانەوە، ژنان دەتوانن کارە هونەریەکانی خۆیان پێشکەش بکەن، هەرچەندە تا ئێستا ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەی کوردیدا تەنگی بە ژن چنیوە، بەڵام ژنان دەتوانن لە هەموو بوارەکان بە تایبەتتر لە هونەردا پێشەنگایەتی بکەن، لە پێناو بەرەوپێشبردنی هونەری کوردی پێویستە ژنانی هونەرمەند زیاتر کارە هونەریەکانیان بەرەو پێش ببەن، بۆ ئەم مەبەستەش ڕێکخراوی مەرزیە دەرگای لەبەر دەم تواناکانی ژناندا کردۆتەوە.

 

" ڕێکخراوێکی ژنانە بۆ خزمەت کردنی ژنانی هونەرمەند "

زریان ئەحمەد، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، کۆمەڵێک ژنی هونەرمەند ڕێکخراوی مەرزیەیان دامەزراندووە، وتی: ئامانج لە کردنەوەی ڕێکخراوەکە کۆکردنەوەی چەندین هونەرمەندی ژنە بۆ دەرخستنی توانا هونەریەکانیان و ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر، ڕێکخراوەکەمان لە لایەن ژنانەوە کراوەتەوە بۆ ئەوەی دەستێکی ژنانە هەبێت تا بتوانێت کاری هونەری بۆ ژنان و خزمەت کردنی ژنانی هونەرمەندی هەر چوار پارچەی کوردستان بکەن.

 

لە درێژەی مەراسیمەکەدا سینەفزیۆنێک لەسەر کردنەوەی ڕێکخراوی مەرزیە پێشکەشکرا، خەڵات و ڕێزلێنان لەلایەن کۆنگرە ستار بە دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخراوی مەرزیە بەخشرا.

 

لە کۆتاییدا چەند گۆرانییەک لەلایەن گروپی میوزیکی ژنانی گەنجەوە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.