لەناو ناکۆکییە بەردەوامەکاندا کۆلێرا سودان دەتەنێت

ژمارەی حاڵەتەکانی کۆلێرا و گیان لەدەستدان لە سودان زیادی کردووە و هەرێمی نیلی شین لە باشووری ڕۆژهەڵاتی سودان یەکەم حاڵەتی تۆمارکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

لەکاتێکدا ناکۆکییەکان لە ١٥ی نیسانەوە لە سودان بەردەوامی هەیە، کەرتی تەندروستی وڵاتەکە لە دۆخێکی خراپبوونی بەردەوامدایە، بووەتە هۆی وەڵامدانەوەیەکی لاواز بۆ پەتای کۆلێرا کە زۆرینەی هەرێمەکانی سودانی گرتووەتەوە، هەوەها ترس هەیە لەوەی کەرتی تەندروستی بە تەواوی دابڕمێت بەهۆی ناکۆکییە بەردەوامەکانەوە.

 

وەزارەتی تەندروستی سودان ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، ڕێژەی کۆلێرا بەرزبووەتەوە بۆ چوار هەزارو ٨٣١ حاڵەت و ١٥١ گیان لەدەستدان، هەروەها ویلایەتی نیلی شین یەکەم حاڵەتی لە ویلایەتەکەدا تۆمارکرد.

 

بەرزترین ڕێژەی نەخۆشی کۆلێرا لە ویلایەتی قەزارف بوو، دوای ئەوەی ژمارەی حاڵەتە تووشبووەکان گەیشتە هەزارو ٨٠٨ کەس، لەنێویاندا ٤٦ گیان لەدەستدان، لە کاتێکدا لە هەرێمی جزیرە هەزارو ٣٤٥ حاڵەتی تووشبوونی تۆمارکرد، لەوانە ٢٣ کەسیان گیانیان لەدەستدا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ٤٦٣ حاڵەتی نەخۆشی کۆلێرا، لەناویاندا ٢٦ حاڵەتی گیان لەدەستدان لە خەرتووم تۆمارکراون، هەرێمی دەریای سوور ٦٨٣ حاڵەت و ٢٨ گیان لەدەستدانی تۆمارکردووە و ژمارەی تووشبووان لە نیلی سپی گەیشتووەتە ٣٩٩ حاڵەت، لەناویاندا ٢٢ حاڵەتی گیان لەدەستدان و لە کاسالا ٦٣ حاڵەتی تۆمارکردووە، لەناویاندا سی گیان لەدەستدان، لەکاتێکدا ژمارەی تووشبووان لە سننار گەیشتە ٦٨حاڵەت، سێ کەسیشیان گیانیان لەدەستدا.

 

وەزارەتەکە داوای پێویستی هەماهەنگی و بەدواداچوون و چاودێریکردنی ڕۆژانەی نەخۆشییەکە و وەڵامدانەوەی خێرا و چالاککردنی ڕۆڵی لیژنەکان و کارکردن بۆ سنووردارکردن و نەهێشتنی پەتاکە لەو ویلایەتانەدا کرد کە حاڵەتی تووشبوونیان تۆمارکردووە.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر ڕایگەیاندبوو، پەتای کۆلێرا لە ویلایەتەکانی سودان لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا لە ویلایەتەکانی قەزارف و خەرتوم بڵاوبووەوە، پێش ئەوەی لە  دەریای سوور و نیلی سپی بڵاوببێتەوە، پێدەچێت پەتاکە کاریگەری لەسەر زیاتر لە سێ ملیۆن کەس لە سودان هەبێت.