ڕووسیا ماوەی دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی ئەلسۆ کورماشێڤا درێژ دەکاتەوە

دادگایەکی ڕووسیا ماوەی ڕاگرتنی ڕۆژنامەنووسێکی ڕادیۆی ئەوروپای ئازاد/ڕادیۆ لیبرتی درێژکردەوە، کە لە مانگی تشرینی یەکەمەوە بە تۆمەتی تۆمارنەکردنی وەک بریکاری بیانی دەستگیر کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاژانسەکانی هەواڵی ڕوسیا بڵاویانکردەوە، دادگایەکی ناوخۆیی لە شاری کازان کە نزیکەی ٥٠٠ میل لە ڕۆژهەڵاتی مۆسکۆوە دوورە، دوێنێ ١ی کانونی یەکەم، فەرمانیدا ماوەی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس ئەلسۆ کورماشێڤا، کە خاوەنی دوو ڕەگەزنامەی ڕووسی و ئەمریکییە، تا ١ی شوبات درێژبکرێتەوە.

 

ڕادیۆی ئەوروپای ئازاد و کەسوکاری ئەلسو کورماشێڤا دەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسەیان ئیدانە کرد و داوای ئازادکردنی دەستبەجێیان کرد، چونکە ئەگەر تاوانبار بکرێت، دەکرێت سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا بسەپێندرێت.

 

کورماشێڤا دووەم ڕۆژنامەنووسی ئەمریکییە لەلایەن ڕووسیاوە لە ماوەی ئەمساڵدا دەستگیر بکرێت، یەکەمیشیان لە مانگی ئاداردا بوو، کە ئیڤان گێرشکۆڤیچ، پەیامنێری ڕووسی بۆ ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ به تۆمەتی سیخوڕی دەستبەسەرکرا و تا ئێستا لە زیندانێکی دژواردایە لە مۆسکۆ و پاسەوانی دەکرێت و چاوەڕێی دادگاییکردنە.

 

بەپێی یاسای ڕووسیا، ئەو کەس و ڕێکخراوانەی کە لە دەرەوەی وڵاتەوە پارە وەردەگرن و بەشداری چالاکییە سیاسییە ناکۆکەکان دەکەن، دەبێت خۆیان وەک بریکاری بیانی تۆمار بکەن یان ڕووبەڕووی لێپێچینەوە دەبنەوە، هەروەها گروپەکانی مافی مرۆڤ ڕەخنەیان لە یاسای ساڵی ٢٠١٢ گرتووە، کە وەک ئامرازێکی سیاسی بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان بەکاردێت.