شاندی خۆبەڕێوەبەری لە بەلجیکا تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیایان کردە ڕۆژەڤ

شاندی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە پێکهاتووە لە هۆزان ئەحمەد، هاوسەرۆکی نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری لە بەلجیکا و عەبدولکەریم عومەر، نوێنەری خۆبەڕێوەبەری لە ئەوروپا، کۆبوونەوەی دیپلۆماسی لە بەلجیکا ئەنجام دەدەن و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایان کردە ڕۆژەڤ.

ناوەندی هەواڵ

 

شاندی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە پێکهاتووە لە هۆزان ئەحمەد، هاوسەرۆکی نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری لە بەلجیکا و عەبدولکەریم عومەر، نوێنەری خۆبەڕێوەبەری لە ئەوروپا دوێنێ ٧ی تشرینی دووەم لەگەڵ دوو نوێنەری پارتی ڤلامس بێلانگی بەلجیکا لە پەرلەمانی فیدراڵی لە برۆکسل کۆبوونەوە، شاندەکەی بەلجیکا پێکهاتبوون لە ئالینە سامین و جۆرجیس دی ڤریێندت.

 

"ڕێژەی بەشداری ژنان لە دامەزراوە فەرمییەکاندا ٤٠% بووە"

لە کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر، عەبدولکەریم عومەر بە کورتی باسی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری کرد و وتی: لە ساڵی ٢٠١٤، خۆبەڕێوەبەری بە فەرمی ڕاگەیەندراو لەو کاتەوە، کار دەکات بۆ بنیادنانی سووریایەکی دیموکراتیک ڕێز لە هەموو سوورییەکان، کەمایەتییەکان، باوەڕ و ئایینەکان دەگرێت، زۆر گرنگە کە مافەکانی ژنان لە دەستووری نوێی سووریادا جێبەجێ بکرێت، وەک لە ڕێکەوتننامەی کۆمەڵایەتی خۆبەڕێوەبەرییدا هاتووە، ڕێژەی بەشداریی ژنان لە دامەزراوە فەرمییەکاندا ٤٠%ە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕڤانانی قەسەدە قوربانییەکی گەورەیان داوە بۆ لەناوبردنی داعش لە باهۆز لە ساڵی ٢٠١٨، بەڵام لەناوبردنی داعش لە لایەنی سەربازییەوە بەو مانایە نییە کە ئەم ڕێکخراوە مەترسیدارە بە تەواوی لەناو نەچووبێت، هەزاران کەس هەن کە پەروەردە دەکرێن لەسەر بیرۆکە و ئایدۆلۆژیای توندوتیژی، بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و هاوکاری و پشتیوانی پێویست بۆ خۆبەڕێوەبەری دابین بکات.

 

"ملیۆنان کەس لە خزمەتگوزاریی بێبەش کراون"

دکتۆر عەبدولکریم عومەر ئاماژەی به هێرشەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر کردو وتی: به ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی ژێرخان زیانی ماددی گەورەی به ناوچەکه گەیاند، لەبەر ئەوە زۆرێک لە ناوەندەکان لە خزمەت وەستاون، ملیۆنان کەس لەو خزمەتگوزارییانە بێبەش کراون، هەروەها دەیان هاوڵاتی مەدەنیش گیانیان لەدەستدا.

 

"داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بەرپرسیارێتییەکانی خۆی جێبەجێ بکات"

پەرلەمانتار ئالینە سامین لەبارەی کارنامەی کۆبوونەوەکەوە وتی: هەموو کەس دەزانێت لەناوبردنی داعش کۆتایی بە هەڕەشەیەکی گەورەی ئەمنی بۆ سەر جیهان هێناوە، لەم بارەیەوە هەموومان سوپاسی ئێوە دەکەین، پشتڕاستی دەکەینەوە کە پشتگیریتان دەکەین، هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بەرپرسیارێتییەکانی جێبەجێ بکات و هاوکاریتان بکات بۆ دڵنیابوون لەوەی تیرۆریزم نەگەڕێتەوە و ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەدی بهێندرێت.

 

"نابێت ڕۆڵی خۆبەڕێوەبەری لە لەناوبردنی داعش لەبیر بکرێت"

ئالینە سەمین لە درێژەی قسەکانیدا وتی: نادادپەروەرییەکی ئاشکرا هەیە لەلایەن دەوڵەتەکان و حکومەتەکانەوە کە داواکارییەکانتان پشتگوێ دەخەن سەبارەت بە داعش، نابێت ڕۆڵی خۆبەڕێوەبەری لە لەناوبردنی داعش لەبیر بکرێت. پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەت ڕۆژئاوا، هەموویان پشتیوانی لە خۆبەڕێوەبەری و هەوڵەکانی بکەن بۆ دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی داعش، ئەم ئەزموونە بپارێزن.