سلێمانی، پرسەی شەهیدان لێمان شوێش و یوسرا دەروێش بەڕێوەچوو

بۆ ڕێزگرتن لە خەباتی هەردوو ژنە شۆڕشگێڕ لێمان شوێش و یوسرا دەروێش، خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە سلێمانی  پرسەیان ڕێکخست.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بارەگای خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە شاری سلێمانی نوێنەرایەتی خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە باشوری کوردستان مەراسیمێکی سەرەخۆشییان بۆ هەردوو ژنە شۆڕشگێڕ لێمان شوێش و یوسرا دەروێش ڕێکخست.

 

بۆ هاوخەمی دەربڕین ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، ژنانی تەڤگەری ئازادی، کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار، ئازادیخوازان و چالاکوانان بەشداریان کرد و باسی خەبات و تێکۆشانی ئەو دوو ژنە شۆڕشگێڕەکە کرا، بەڵێنیش درا کە بەردەوام بن لەسەر ڕێبازی شەهیدان و ڕووبەڕووی دوژمن بوەستنەوە.

 

"خەباتی لێمان شوێش کاریگەری گەورەی دروستکردن لەسەر باشووری کوردستان"

ئەڤین سوێد، نوێنەری خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە باشووری کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، هەواڵی تیرۆرکردنی هەردوو ژنە شۆڕشگێڕ یوسرا دەروێش، هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ و جێگرەکەی، لێمان شوێش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هەموو تاکێک دروستکرد، چونکە خەباتی لێمان شوێش لە باشووری کوردستان و لە ناو بزوتنەوەی ئازادیخوازی ژناندا کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە، هەمیشە هەوڵی ڕێکخستن و پەروەردەکردنی ژنانی دەدا، ئێمەش بۆ ڕێزگرتن لە خەباتی ئەو دوو ژنە شۆڕشگێڕە، ئەمڕۆ پێنج شەممە مەراسیمێکی سەرەخۆشیمان دانا بۆ ئەوەی سۆزی خۆمان دووپات بکەینەوە و بەردەوام بین لەسەر ڕێبازی شەهیدان.