ڕێکخراوە فێمینیستەکان مێژوویەکی پڕ لە خەباتیان هەیە بۆ ڕزگارکردن و پاراستنی ژنان

پێش و دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ڕۆژئاوا لە ساڵی ٢٠١٢، زۆرێک لە ژنان خەباتیان کرد بۆ ڕێکخستن و ماف و ئازادی خۆیان، ڕێکخراو و کۆمەڵە و دامەزراوەی ژنانیان دامەزراند، کە هەموو ئەمانە هەوڵی پاراستن و ڕێکخستن و پەروەردەکردن و پێشخستنی ژنان دەدەن.

شیرین محەمەد

 

قامیشلۆ- ئەندامانی دامودەزگا و ڕێکخراوەکانی ژنان کە ڕۆڵیان هەبووە لە گەیشتن بە دەستکەوتی زۆر لە ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا جەختیان لەوە کردەوە، ژن بنەمای شۆڕشی ڕۆژئاوایە، کۆنگرەی ستاریش کە بە نهێنی لەلایەن ژنانی کورد لە چەند ناوچەیەکی ڕۆژئاوا دامەزرا، کە لە ڕێگەی ڕێکخستنی چالاکیی جۆراوجۆرەوە کاریان بۆ هۆشیارکردنەوە و پەرەپێدانی ژنان دەکرد.

 

حەنیفە محەمەد، ئەندامی کۆنگرەی ستار دەڵێت: کۆنگرە ستار بەرهەمی یەکێتی ستارە، لەکاتی ڕێپێوانێکی پڕ لە خەبات و ڕێکخستن توانیان دەستکەوتی زۆر بەدەستبهێنن، بۆیە ناوەکەی گۆڕدرا بۆ کۆنگرەی ستار لە میانی شەشەمین کۆنفرانسی ساڵانەی لە ساڵی ٢٠١٦ بەڕێوەچوو، بۆ وەرگرتنی هەموو چین و توێژەکانی ژیان، کۆنگرە ستار بە سەختی و بە نهێنی لە کاتی حکومەتی دیمەشق کارەکانی بەڕێوەدەبرد، لەکاتی کارکردن بۆ گەیشتن بە ژنان لە ماڵەکاندا ڕووبەڕووی چەند ئاڵنگرییەک بووینەوە، بەجۆرێک درەنگانیه شەو لە گوندەکاندا کۆبوونەوەمان دەکرد، هەرچەندە لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە فشارمان لەسەر بوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئێمە نەوەستاین و بەردەوامبووین لە کارەکانمان و دەستکەوتی گرنگمان بەدەستهێنا.

 

حەنیفە محمد لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەو کارەی ئەمڕۆ دەکەوێتە سەرمان گەورەترە، ئێمە خەریکی دوو شۆڕشین، یەکێکیان دژی دوژمن و ئەوی دیکەیان دژی عەقڵیەتی پیاوسالاری پاوانخوازانە، نابێت خەباتەکە ڕابگرین تا ئەو کاتەی هەموو ژنان ئازاد دەبن، وەک ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت "ئازادی داوا ناکرێت، بەڵکو بەدەستدەهێنرێت".

 

یەکسانی جێندەری و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە گرنگترین ئامانجەکانی سارایە

ڕێکخراوی سارا، یەکەم ڕێکخراوە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە لە ساڵی ٢٠١٣ دامەزراوە، کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژی و پاراستن و پەروەردەکردنی ژنان و بەرزکردنەوەی ئاستی فیکرییان بەرامبەر بە توندوتیژی دەکات، هەروەک پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە گەشەپێدان و پاراستنی ژنان لە سەردەمی شۆڕشدا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

 

یوسرییە مەحمود، کارگێڕی ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، سەبارەت بە ڕۆڵی ڕێکخراوەکە لە پەرەپێدان و پاراستنی ژنان لە سەردەمی شۆڕشدا دەڵێت: کارەکانمان لە ئاستی یەکەمدا لە دەوری پاراستن و گەشەپێدانی ژنان دەسوڕێتەوە، بەتایبەتی لە قۆناغی شەڕ و شۆڕشەکاندا، چونکە زۆرترین زیانلێکەوتوو لە کۆمەڵگەدا ژنانن، بەو پێیەی تووشی هێرش و توندوتیژی و کوشتن و جۆرەکانی تری توندوتیژی دەبنەوە، ئەو پێشێلکاریانەی کە لە دژی ئەوان دەکران، لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا، ڕێکخراوی سارا، ڕۆڵێکی گرنگی لە کۆمەڵگەدا گێڕاوە لە هەموو ڕوویەکەوە، هەروەها کاریان کردووە بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی جێندەری و چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە ژنان.

 

یوسرییە مەحمود ڕوونیشیکردەوە، "بە پەروەردەکردنی ژنان توانیمان بەسەر زۆر تێڕوانینێکی هەڵەدا زاڵ بین سەبارەت بە ژنان و ئازادی و ڕاستینەکەیان، لە ڕێگەی وۆرکشۆپ و کۆڕ و گفتوگۆوە سەرنجمان خستەسەر پەروەردەکردنی ژنان و کۆمەڵگە، چونکە ئەوان نەوەکان پەروەردە دەکەن، تا ئەو کاتەی کارەکانمان گەشەیان کرد و گەیشتە هەموو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کارەکانمان بەردەوامە بۆ گەیشتن بە هەموو ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کارەکانمان تەنها لە شارەکاندا سنوردار نییە، بەڵکو کاردەکەین بۆ پەرەپێدان و پەروەردەکردنی ژنان لە ناو کەمپەکانیشدا.

 

وتیشی: لەبەر ڕۆشنایی ئەو شەڕەی وڵات پێیدا تێپەڕی، ژنان تووشی پەراوێزخستن و توندوتیژییەکی زۆر بوون، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی بەکرێگیراوانی داعشدا بوون، کە ئایدۆلۆژیای تاریکی خۆیان لەناو ئەو کەسانەدا بڵاوکردەوە، بۆیە ئێمە کاردەکەین بۆ پەروەردەکردنی ئەم ژنانە دوای ڕزگاربوونیان.