لە ئێران دوو ژن دەستگیرکران

لە ئێران دوو ژن کە دەوترێت لە گۆڕەپانی گشتی لە گۆڕەپانی تەجریشی تاران سەمایان کردووە، بە تۆمەتی "پێشێلکردنی یاسا کۆمەڵایەتییەکان" دەستبەسەر کران.

ناوەندی هەواڵ

 

پاش بڵاوبوونەوەی دیمەنی سەماکردنی دوو ژنی گەنج لە گۆڕەپانێکی پایتەختی ئێران لە تاران، میدیا ناوخۆییەکان بڵاویانکردەوە کە ئەو ژنانە دەستگیرکراون، ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران ئەم زانیارییەی بڵاوکردەوە کە دەسەڵاتدارانی تاران، فەرمانی دەستگیرکردنی دوو ژنەی دەرکردووە کە لە گۆڕەپانی تەجریش سەمایان کردووە، ئەمەش بە پێشێلکردنی یاسا کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران هەژمار دەکرێت.

 

هەردوو ژنەکە جلوبەرگی سووری حاجی فیروسیان لەبەردا بوو، بە پێی نەریتی خەڵکی ئێران، بۆ مژدەی هاتنی نەورۆز لە شەقامەکاندا ئەو جۆرە پۆشاکە بەکاردەهێنن.

 

بەپێی یاسای شەریعەتی ئێران سەمای ژنان لە شوێنی گشتیدا ڕێگەپێنەدراوە، بەڵام لە چەند مانگی ڕابردوودا زۆرێک لە ژنان لە شوێنە گشتیەکانی وەک میترۆ سەمایان دەکرد و لە سۆشیال میدیا بڵاویان دەکردەوە، بەتایبەتی لە پاش شۆڕشی ژینا ئەمینی کە لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ دەستی پێکرد.