شاندی ئیمراڵی: ئەم پرۆسەیە ژیانێکی ئازاد و یەکگرتوو بۆ هەمووان دەستەبەر دەکات

شاندی ئیمراڵی سەبارەت بە دیدار لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، کە دوێنێ ٢٢ی کانوونی دووەم ئەنجامدرا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "ئەم پرۆسەیە ژیانێکی ئازاد و یەکگرتوو بۆ هەمووان دەستەبەر دەکات".

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان-دەم پارتی، پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر، لە زیندانی ئیمراڵی لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان کۆبوونەوە و ماوەی ٤ کاتژمێر گفتوگۆ کرا.

 

ئەمڕۆ شاندەکە ڕاگەیەندراوێکی نووسراویان لە بارەی دیدار لەگەڵ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بڵاوکردەوە، کە بەم شێوەیە بوو؛

"وەک شاندی ئیمراڵی دەم پارتی، ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە دوورگەی ئیمراڵی کۆبووینەوە،

 

لەم دیدارەدا بەڕێز ئۆجالان سەرەتا سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو کەسانە کرد کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانی شاری بۆلو گیانیان لەدەستدا و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان خواست، شاندەکەمان زانیارییان لە بارەی ئەو چاوپێکەوتنانەی کە ئەنجاممان داوە خستەڕوو.

 

کارەکانی بەڕێز ئۆجالان لەسەر پرۆسەکە بەردەوامە. دوای تەواوبوونی ئامادەکارییەکان لەسەر ئەم بابەتە، لێدوانی پێویست بۆ ڕای گشتی دەدرێت.

 

ئێمە وەکو شاند درێژە بە کار و گفتوگۆکانمان دەدەین، هەرکاتێک هەر پێشکەوتنێک هەبوو، ڕای گشتی ئاگادار دەکەینەوە.

 

ئەم پرۆسەیە ژیانێکی ئازاد و یەکگرتوو بۆ هەر کەسێک، بۆ ئێمە هەموومان دەستەبەر دەکات، بە هیوای پێکهێنانی ئەم پرۆسەیە، چاوەڕوانی بەشداریی بە نرخی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەکەین.

 

شاندی ئیمراڵی دەم پارتی".