چالاکوانانی یەمەن داوای کۆتایی هێنان بە کردەوەکانی حوسییەکان دەکەن

 چالاکوانانی یەمەن وێڕای ئیدانەکردنی کردەوەی حوسییەکان لەدژی دانیشتووانی گوندی حەنکە مەسعوود، داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ئەم کردەوە و تاوانانە ڕابگرن و ژنان بگەڕێننەوە بۆ گوندە ڕەسەنەکانیان.

ڕانیا عەبدوڵا

 

یەمەن- حوسییەکان لە گوندی حەنکە مەسعوود سەر بە پارێزگای بەیزا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری سەنعا چالاکیی دڕندانەیان لە دژی خەڵکی گوندەکە ئەنجامدا، کە تیایدا نزیکەی ٤۰۰ هاوڵاتی مەدەنی بە دیل گیران و ماڵ و موڵکی زیاتر لە ٢٠ هاوڵاتی مەدەنی وێرانکراوە و دزراوە، چالاکوانانی یەمەن لە هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەو کارەیان ئیدانە کرد.

 

"مافی ژنان و خەڵکی مەدەنی پێشێل دەکەن"

مەها عەوز، سەرۆکی یەکەی ئاسایشی مرۆیی، ئیدانەی کردەوەی حوسییەکانی کرد و وتی: حوسییەکان تاوان ئەنجام دەدەن، خەڵکی مەدەنی بە ژن و منداڵیشەوە دەکەنە ئامانج، دڕندەیی بەرامبەریان ئەنجام دەدەن و مافی ژیانیان پێشێل دەکەن.

 

"پێویستە دەستبەجێ ئەم کارانە بوەستێنرێت"

هودا حەیدەری، ئەندامی بلۆکی فێمینیستی وەهج، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەپەلە کردەوەی حوسییەکان بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی ڕابگرن و وتیشی: تاوان و کردەوەی حوسییەکان بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی و دەرکردنی زۆرەملێی ژنان لە ماڵەکانیان کردەوەیەکە کە مافی مرۆڤ بە ئامانج دەگرێت، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین دەستوەردان بکەن و ئەو کارانە ڕابگرن، هەروەها پێویستە ژنان بگەڕێندرێنەوە بۆ گوندەکانی خۆیان، حوسییەکان لە سەرەتای ململانێکانەوە کردەوەی دڕندانەی خۆیان دژی گەل ئەنجام دەدەن، بۆیە پێویستە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەپەلە ڕێگری لەو کارانە بکەن.

 

"ئەم کردەوانە بە تاوانی جەنگ دادەنرێت"

شیناز ئەکحەلی، چالاکوانی یاسایی، کردەوەی حوسییەکانی بە تاوانی جەنگ پێناسە کرد و وتی: ئەو کارانەی کە حوسییەکان دژی خەڵک ئەنجامی دەدەن، بە تاوانی جەنگ دادەنرێت، ئەم کارانە پێشێلکردنی هەموو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە، پێویستە هەڵوێستمان هەبێت بەرامبەر ئەم کارانە و بەڵگەدار بکرێن لە دۆسیەکاندا، پاشان لە داهاتوودا ئەم دۆسیانە پێشکەش بە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بکەین، سەرەڕای مەترسی و هەڕەشەکانی حوسییەکان، بەشێک لە چالاکوانانی پارێزگای بەیزا لە هەوڵی بەڵگەنامەکردنی ئەو تاوانانەدان.