پۆلیس هەڵیکوتایە سەر کۆمپانیای مارتی و گونجەل
لە چوارچێوەی پاکتاوی سیاسیدا کە ناوەندەکەی لە ئەستەنبوڵەوە دەستی پێکرد، پۆلیس هەڵیکوتایە سەر کۆمپانیاکانی مارتی و گونجەل، لە شوێنی کاردا کە خاوەنەکانیان ئامادە نەبوون، پۆلیس دەستی بەسەر سەرجەم کۆمپیوتەر و هارد دیسکەکاندا گرتووە.

ئیستەنبوڵ
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا کە لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی ئیستەنبوڵەوە دەستیپێکردووە، پۆلیس لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیدا هەڵیکوتایە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووسان لە وان و ئیستەنبوڵ. لەو هەڵمەتانەدا ڕۆژنامەنووسان ڕەیحان حاجیئۆغڵو، نەکلا دەمیر، ڕەحیمە کاروەر و ئەحمەد گونەش دەستبەسەر کران.
لە چوارچێوەی هەمان لێکۆڵینەوەدا پۆلیس هەڵیکوتایە سەر کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی مارتی و گونجەل، دەکەوێتە شاری بەیئۆغڵوی ئیستەنبوڵ. دەرگای کۆمپانیاکان لەلایەن تیمێکی تایبەتەوە کراونەتەوە و خاوەنەکانیان ئاگادار نەکراونەتەوە. دوای گەڕان دەست بەسەر سەرجەم کۆمپیوتەر و هاردەکانیاندا گیراوە. ئەوەش زانراوە کە گەڕان لەناو کۆمپانیاکان کۆتایی هاتووە و هۆکاری هەڵکوتانە سەر ئەو کۆمپانیایانە دیاری نەکراوە.