ڕۆژنامەنووسانی دەستگیرکراو لە ژووری تاکەکەسیدا دەهێڵدرێنەوە

بە پێی زانیارییەکان ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە ڕۆژی ڕۆژنامەنووساندا بۆ زیندانی مەڕمەڕە نێردرابوون، لە ژوورە تاکە کەسییەکاندا ڕاگیراون.

ناوەندی هەواڵ

 

بۆ ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین، کە لە ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤دا لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی دەوڵەتی تورکیا لە کاتی ڕووماڵکردنی هەواڵەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆمەڵکوژ کران، لە ٢١ی کانوونی دووەم لە گۆڕەپانی شیشانێ لە بیئۆغڵوی ئەستەنبوڵ مەراسیمێک بەڕێوەچوو، لەلایەن پۆلیسەوە هێرش کرایە سەر چالاکییەکە و ڕۆژنامەنووسان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ کە بۆ ئیدانەکردنی ئەو هێرشە کۆببوونەوە، دەستبەسەر کران.

 

لە کۆی ئەو کەسانەی دەستبەسەرکراون، ٧ ڕۆژنامەنووس و ٢ هاوڵاتی بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخراوێک" دەستگیرکراون، ژنە ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراوی زیندانی ژنانی باکرکۆی، گوڵستان دورسون، پینار گەیپ، پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی ئێتکین (ETHA) و سەرپیل ئوناڵ پەیامنێری ڕۆژنامەی موجادێل بیرلی ، لە دەستبەسەری دەرهێنران بۆ ئەوەی ببرێنە نەخۆشخانە و دواتر نێردران بۆ زیندانی سیلیڤری لە مەڕمەڕە.

 

ڕۆژنامەنووسان لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراون

بە پێی زانیارییەکان ڕۆژنامەنووسانی دەستگیرکراو بە تاک تاک لە ژووری تاکە کەسیدا ڕاگیراون، ڕۆژنامەنووسانیش داواکارییەکیان پێشکەش بە ئیدارەی زیندان کردووە بۆ ئەوەی لە ژوورێکدا بمێننەوە کە سێ کەسی تێدا بێت.