چوار خوێندنگە لە غەززە کە ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێیە بە ئامانجگیرا

ماوەی زیاتر لە ساڵێکە هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە کردنە ئامانجی دڕندانەی ئاوارەکان و هاوڵاتیانی مەدەنی و کارمەندانی پزیشکی، لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا دەیان کەس گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەستیپێکرد و لە ئەنجامدا هەزاران هاوڵاتی مەدەنی کە زۆربەیان منداڵ و ژن بوون گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، ملیۆنان کەسیش کە لە بارودۆخی مرۆیی کارەساتباردا دەژین ئاوارەبوون.

 

سەرچاوە پزیشکییە ناوخۆییەکان ئەمڕۆ ١٦ی کانوونی یەکەم بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی ئەو هەڵمەتانەی کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە دەستیپێکردووە، ٦٩ کەس کوژراون، لە کاتێکدا بەرگری شارستانی لە کەرتی غەززە پشتڕاستی کردەوە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا چوار خوێندنگە کە ئاوارەیان تێدایە، کراونەتە ئامانج.

 

٤٣ هاوڵاتی مەدەنی لە کاتی هێرشکردنە سەر خوێندنگەیەک لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە لە بەیت حەنون گیانیان لەدەستدا و وتەبێژی بەرگری شارستانی ئاماژەی بەوەدا بە بۆردوومان لە خوێندنگەیەک بو خوێندنگەیەکی دیکە بەدوای ئاوارەکاندا دەگەڕێت.

 

ڕوونیشیکردەوە، بەهۆی ئەو تەقەمەنیانەی بەکارهێندراون، تەرمی قوربانییەکان بەتەواوی شێواوە، زۆرێک لە بریندارەکان بەهۆی نەبوونی توانای پزیشکییەوە گیانیان لەدەستداوە.

 

بەڕێوەبەری فەرمانگەی زانیاری لە غەززە ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠٠ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە، تا ئێستاش هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە کردنە ئامانجی دڕندانەی ئاوارەکان و هاوڵاتیانی مەدەنی و تیمە پزیشکیەکان، بەمەش ژمارەی ئەو ناوەندانەی پەناگە کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج بۆ زیاتر لە ٢١٣ ناوەند لە سەرەتای شەڕی کۆمەڵکوژییەوە بەرز بووەوە.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل کۆمەڵکوژییەکی دڕندانەیان ئەنجامدا بە ئامانجگرتنی بارەگایەکی مەیدانی بەرگری شارستانی، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی چوار لە ئەندامانی، بەمەش ژمارەی گیانلەدەستداوانی کارمەندانی بەرگری گەیشتە ٩٤ کەس.

 

 ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانی ئیسرائیل کۆمەڵکوژی یەک لە دوای یەکیان لە دژی کارمەندانی پزیشکی و نەخۆشخانەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەنجامداوە، ژمارەیەک پزیشک و کرێکار بە تایبەت لە نەخۆشخانەی کەمال عەدوان گیانیان لەدەستدا.