"دەبێت هەمووان بەرامبەر ڕۆژئاوای کوردستان بەرپرسیار بین"
چالاکوانان و کەسایەتییەکانی شاری سلێمانی داوا دەکەن سنووری سێمێلکا بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بە ڕۆژئاوای کورستان بکرێتەوە و دەڵێن: پێویستە هەموان بەرامبەر بە هاوزمانانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرپرسیار بین.
سلێمانی
ئەمڕۆ، لە سەکۆی ئازادیی پارکی ئازادی شاری سلێمانی، بە مەبەستی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ئاوارە و کۆچبەرەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، بە سەرپەرشتی دەستەی سەرپەرشتیاری هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بە ئامادەبوونی بەشێک لە چالاکوان، هونەرمەندان و کەسایەتییەکانی شاری سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بەسترا.
"گەلی کورد هەمیشە پێکەوەیی خۆیی پاراستووە"
لە سەرەتای کۆنگرەکەدا گەزیزە عومەر، هونەرمەند، لەسەر ناوی ئامادەبووان قسەی کرد و وتی: سەرباری هەبوونی بارودۆخێکی خراپی ئابووری لە باشووری کوردستان، بەڵام گەلی کورد هەمیشە پێکەوەیی خۆی لە هەموو پارچەکانی کوردستان پاراستووە، لە ئێستادا هاوزمانانمان لە بارودۆخێکی خراپدان و ئاواربوون و ماڵ و گوزەرانی خۆیان لێتێکچووە، بۆیە بە ئەرکی خۆمان و هەموو تاکێکی کوردی دەزانین کە هاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کۆبکەینەوە و لەم بارودۆخەدا بەرپرسیارانە ئەرکی خۆمان بە ئەنجام بگەیەنین.
"بەهۆی داخستنی سنوری سێمێلکاوە دۆخێکی ناخۆش درووستبووە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان"
سەفوەت ڕەشید، پارێزەر و ئەندامی دەستەی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندراوێکی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو، "لە ئێستادا هاوزمانانمان لە دۆخیکی ناخۆشدان و ئێمەش بە هەستێکی بەرپرسیارانە و کوردایەتییانەمانەوە، داوا لە هەمووان دەکەین کە لەڕێگەی هاوکاری ماددی و مەعنەوییەوە پشتگیری خۆتانیان پێبگەیەنن".
هەروەها باس لەوەش کرا کە بەهۆی داخستنی سنورەکانی سێمێلکاوە دۆخێکی ناخۆش دروستبووە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان، هەر بۆیە تەنها دەتوانن لەرێگەی پارەوە هاوکاری وەربگرن و بەم جۆرە درێژەی بە ڕاگەیاندراوەکە دا، داوا لە بەرپرسان و دەزگا فەرمییەکان دەکەین، سەرەڕای خوێندنەوەی ئەو بارودۆخە لەپڕەی بە هۆی کردنەوەی سنورەکانەوە تووشیان دەبێت، بەڵام با هەستی مرۆڤایەتی و کوردایەتیتان بڕیاری دروست و بە ویژدانانە بدات و سنورەکان بکەنەوە بۆ گەیانادنی هاوکارییەکان بەو خێزان و ژن و منداڵان و پێرانەی ئاوارەبوون و زیانیان پێگەیشتووە.
لە کۆتاییشدا ئاماژە بە شوێنی کۆکردنەوەی هاوکارییەکان کرا، کە بریتین لە: نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا- بەختیاریی-بەرامبەر سەنتەری ڕۆشنبیری دکتۆر عیززەدین مستەفا ڕەسوڵ و بەردەم ڕێکخراوی ئازادبوون-تەنیشت مارکێتی زارا لە شاری سلێمانی.
"ڕۆح و گیانمان لە ڕۆژئاوای کوردستانە"
سارا ڕەزا، چالاکوانی سیاسیی و بەشداربووی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە، بەنگەوازی لە هەمووان کرد کە بە ڕۆحێکی بەرپرسیارانە لە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان بڕوانن و وتیشی: پێویستە سنوری سێمێلکا لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکەەوە بکرێتەوە، گەر پێویست بکات لە بەردەم ئەو سنورەدا دەوەستین تا دەکرێتەوە، کوردانمان لە ڕۆژئاوا پێویستییان بە هەموو هاوکارییەکی مەعنەوی و مادی هەیە و پێویستە ئێمە هاوکارییان بین و ڕۆح و گیانمان لە ڕۆژئاوای کوردستانە.