ژن لە ئەفغانستان لەناو خەبات و چەوسانەوەی کۆمەڵایەتیدایە
کاتێک تاڵیبان لە مانگی ئابی ٢٠٢١ هاتە سەر دەسەڵات، وردە وردە ژنانیان سەرکوت کرد، جگە لە داخستنی دەرگا و شوێنی خوێندن و کارکردن، شوێنی کات بەسەربردنیشیان داخست.
بەهاران لاهیب
کابول- باغ بابار یەکێکە لە شوێنە مێژووییەکانی ئەفغانستان کە دەکەوێتە پایتەختی ئەفغانستان، ئەم پارکە لە ساڵی ١٥٢٨زاینی لەلایەن بابەرشا گۆرکانیەوە دامەزراوە.
دوای چەند ساڵێک ئەم پارکە بوو بە شوێنێکی کات بەسەربردن، بەڵام لە کاتی شەڕە ناوخۆییەکاندا یەکێک بوو لەو شوێنانەی کە شوێنەوارە مێژووییەکانی تاڵان کران و بوون بە وێرانە لە دوای ساڵی ٢٠٠١، یونسکۆ بەرپرسیارێتی نۆژەنکردنەوەی ئەو ناوچانەی مێژووییو کە بەهۆی شەڕە ناوخۆییەکانەوە وێران بوون، لە ئەستۆ گرت هەروەها پارکەکە نۆژەنکرایەوە.
کاتێک تاڵیبان لە مانگی ئابی ٢٠٢١ هاتە سەر دەسەڵات، وردە وردە ژنانیان سەرکوت کرد، جگە لە داخستنی دەرگای شوێنەکانی خوێندن و کارکردن، شوێنەکانی کات بەسەربردنیان لەوان پارکی بابور بەڕووی ژناندا داخست.
لەنزیک دەروازەی چوونە ژوورەوە دوکانەکانی کاری دەستی هەیە کە فرۆشیارەکانیان ژن بوون، بەڵام ئێستا وەک زۆر شوێنی تر تەنها چەند دوکانێکی کەمیان هەیە دوای ئەوەی تاڵیبان هاتە سەر دەسەڵات، ژمارەی ئەو کەسانەی لە باغ بابار کاردەکەن لە ١٢٠ کەسەوە کەمیکرد، ٢٠ لەوانە ژن بوون، هەموو کارمەندە ژنەکان و هەندێک لە پیاوان لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، پێشتر کارمەندەکان مووچەی باشتریان وەردەگرت، بەڵام ئێستا کەمێک وەردەگرن، هەرچەندە ئەم چەند کەسە بەرپرسیارن لە چاککردنەوە، باخداری، پاککردنەوە، و پاسەوانی پارکەکە.
پێش ئەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی بکات، لە ڕۆژانی جەژندا لە نێوان ٤٠ بۆ ٥٠ هەزار سەردانکەر پێشوازییان لێدەکرا، بەڵام ئێستا بەهۆی داخستنی دەرگای پارکەکە بەڕووی ژنان، ژمارەی سەردانکەرانی ڕۆژانە تەنانەت ناگاتە دەیان کەس و داهاتی پارکەکەش بوونی نەماوە.
"هەموو ڕۆژێک تاڵیبان فشار دەکاتە سەرمان"
لە بەشێکی پارکەکەدا پەیکەرێک هەیە کە بە قوماش داپۆشراوە و سەردانکەران بۆیان نییە بیبینن بە وتەی تاڵیبان پەیکەرەکە بتێکە و بەو هۆیەوە بە تابو دادەنرێت، فەوزیە هاشمی یەکێکە لەو ژنانەی کە کاری دەستی فرۆشتووەو ملیۆنان ژنی دیکەی ئەفغانی، گلەیی لە دۆخی ژێر کۆنترۆڵی تاڵیبان دەکات، وتی: منیش وەک ژنانی دیکەی ئەفغانستان لە هەموو ڕوویەکەوە کاریگەریی تاڵیبانم لەسەر بووە، پێشتر نزیکەی ٢٠ ژن لەگەڵمدا لە بەرهەمهێنانی پیشەسازیدا کاریان دەکرد، بەڵام ئێستا بەو سنووردارکردنانەی ئێستا، تەنانەت داهاتم نییە بۆ ئەوەی بتوانم بژیم، تەنها دوو ژن هەن کە لێرە دوکانیان هەیە هەموو ڕۆژێک تاڵیبان فشار دەکاتە سەرمان بۆ ئەوەی شوێنەکە بەجێبهێڵین، بەڵام ئێمە بەڵێنمان دا بە هەر نرخێک بێت گوێ لە قسەکانیان نەگرین، ئەو ژنانەی دوکانەکانیان داخستووە زیاتر لە ڕووی ئابوورییەوە زیانیان بەرکەوت بەهۆی ترسیان لە هەڕەشەکانی تاڵیبان.
"نابێت بێدەنگ بین"
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: من و هەموو ژنانی ئەفغانستان لەم هەڕەشانە ناترسین و هەوڵدەدەین بە ئەنجامدانی کاری بچووک دەنگی ژنانی ئەفغانستان بین، نابێت بێدەنگ بین، هەروەها دەبێت ئەوەمان لەبیربێت کە تاڵیبان ڕێگەی نەداین بچینە ناو پارکەکە، بەڵام بە پێداگرییەکی زۆرەوە، دواجار توانیمان بچینە ژوورەوە، و دوای قسەکردن لەگەڵ یەک یان دوو کارمەندی پارکەکەدا، ناچاریان کردین بە خێرایی پارکەکە بەجێبهێڵین، جگە لەوەی خاوەنی فرۆشگایەکم، ڕۆژانە وانەکانی ڕاهێنان بۆ ئەو ژنانە ڕێکدەخەم کە دەرفەتی خوێندنیان لەدەستداوە، هەروەها هەوڵدەدەم ژنانی ئەفغانی پەروەردە بکەم و لە کۆمەڵگەی پیاوسالاری و بناژۆخوازەوە خەبات بۆ مافەکانیان بکەم.