"دەبێت بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر ئاستی جیهانی ئەنجام بدرێت"

جەمیلە کەرموومە ئاماژەی بەوەدا، توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دۆخێکی تایبەتی وڵاتێک نییە و لە هەموو وڵاتانی جیهان ژنان ڕووبەڕووی چەندین جۆری توندوتیژی دەبنەوە، پێویستە لەسەر ئاستی جیهانی خەبات بکرێت.

حەنان حارت

 

مەغریب- ساڵانە لە نێوان ٢٥ی تشرینی دووەم و ١٠ی کانوونی یەکەم، هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سەرانسەری جیهان بەڕێوەدەچێت، لە سەردەمێکدا کە ئامانجی ئەم هەڵمەتە هۆشیارکردنەوە و کۆکردنەوەیە بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان، ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی مافی مرۆڤ لەسەر ئاستی مەغریب لە ڕاپۆرتەکانیاندا سەرنجیان بۆ زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵانی کچ ڕاکێشا.

 

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی کۆمەڵەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، فیدراسیۆنی یەکێتی مافەکانی ژنان و تۆڕی ژنانی هاوپشتی، لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٣ تا حوزەیرانی ٢٠٢٤، چوار هەزار و ٥٣٥ ژنی مەغریبی تووشی توندوتیژی بوون، ڕاپۆرتەکان هۆشداری دەدەن لە زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی دەروونی دژی ژنان لە مەغریب، بەپێی ئەو داتایانەی لە ناوەندەکانی کۆمەڵە جیاوازەکان لە شار و ناوچە جیاجیاکانی مەغریب کۆکراونەتەوە، دیاری کراوە کە چوار هەزار و ٩٦١ ژن توندوتیژی دەروونییان بەرامبەر کراوە، دوو هەزار و ٤١٥ ژن توندوتیژی ئابووری و هەزارو ١٠٧ ژن توندوتیژی ئەشکەنجەیان بەرامبەر کراوە، جگە لەوەش ٢٨٪ی ژنانی مەغریب سووکایەتییان پێکراوە، ٢٠٪یان هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەیان لە ناو خێزانەکەدا کراوە، ١٧٪یان بەرکەوتەی توندوتیژی زایەندیین و ٥٥٪یان بەهۆی توندوتیژییەوە برینداربوون.

 

"ژمارەکە سەرسوڕهێنەرە"

جەمیلە کەرموومە، جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی یەکێتی مافەکانی ژنان و داکۆکیکاری مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، ئەم ژمارەیە لە ئاستێکی سەرسوڕهێنەردایە و ئەم ڕاپۆرتانە نیشان دەدەن کە توندوتیژی دژی ژنان لە زیادبووندایە، هۆکاری زیادبوونی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان سیاسەتەکانی حکومەتە و وتی: یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە ئەم ڕێژەیە هاتۆتە بەرچاو ئەوەیە کە ژنان ئێستا هۆشیار بوون و توندوتیژی بەرامبەریان ڕادەگەیەنن، دەبێت لە مەغریب یاسای سزای قورس دەربکرێت و پارێزگاریی پێویست لە ژنان بکرێت، بە تایبەتی گرنگە سزای کاریگەری تاوانباران بدرێت، چونکە ئەم سزایە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە کەمکردنەوەی توندوتیژی.

 

"پێویستە یاساکان بۆ پاراستنی ژنان ئامادە بکرێن"

جەمیلە کەرموومە سەرنجی بۆ داخوازییەکانی ژنانی چالاکوان بۆ پاراستنی ژنانی مەغریب ڕاکێشا و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: خواستی ئێمە ئەوەیە کە یاسایەکی تاوانکاریمان هەبێت کە لەگەڵ هەموو ڕێککەوتنەکاندا بگونجێت بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرە هەڵاواردن و توندوتیژییەک بەرامبەر بە ژنان، یاسای ژمارە ١٠٣/١٣ تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، کە لە ساڵی ٢٠١٨ دەرچووە، یەکێکە لە دەستکەوتەکانی ژنان. بەڵام لەگەڵ جێبەجێکردنی یاساکەدا، چەند تێبینییەک سەبارەت بە یاساکە سەریان هەڵدا، یاسای ئێستا وەڵامی پێداویستی ژنانی مەغریب ناداتەوە و بۆشایی زۆر هەیە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​پێویستە گۆڕانکاری لە بابەتەکاندا بکرێت.

 

"پێویستە یاسای پاراستن دەربکرێت"

جەمیلە کەرمووم دووپاتی کردەوە، لە پێناو پاراستنی ژنان و نەهێشتنی هەڵاواردن پێویستە گۆڕانکاری لە یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان بکرێت و وتی: کاتێک هەڵاواردن لەناو دەبەین و ڕێبازی ماف و ڕەگەز چالاک دەکەین، دەتوانین ژنان بە هەموو جۆرەکانیانەوە بپارێزین، دەبێت یاسای پاراستن بۆ ژنان دابندرێت، ئامانجمان تەنها گۆڕانکاری یاسایی نییە، کار بۆ گۆڕینی عەقڵیەتی باڵادەستی پیاویش دەکەین و بەردەوام دەبین لە چالاکییەکانمان لەو بوارەدا، لەبەر عەقڵیەتی زاڵ، ژن وەک چینی دووەم لە کۆمەڵگەدا سەیر دەکرێت، پێویستە چالاکییەکانی هۆشیاری ئەنجام بدرێت.

 

"پێویستە بچینە ناو بزووتنەوەی تێکۆشانوە"

جەمیلە کەرموومە لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەکرد، توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دۆخێکی تایبەتی وڵاتێک نییە و ژنان لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان تووشی توندوتیژی دەبن هەربۆیە دەیانەوێت یاسای پاراستنی ژنان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەبێت، وتی: کوشتنی ژنان و منداڵان لە ناوچە شەڕلێدراوەکان بە دڕندانەترین شێوەی توندوتیژی دەبینین و بەردەوامی بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قبوڵ ناکەین، ئەوەی ئێستا لە هەرێمدا دەگوزەرێت، دەبێت لەکاتی ململانێدا هەنگاو بەرامبەر توندوتیژی دژی ژنان بگرینەبەر.