"ژنان ناتوانن دەستبەرداری خاکەکەیان ببن بۆیە کۆچبەری دووجار سەختە بۆیان"

ژنانی بەشداربووی پێشەنگای کتێب لە شاری سلێمانی، باس لە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن و دەڵێت: هاوخەمی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستانین، کۆچبەری بۆ ژنان دووجار سەختە، چونکە ناتوانن دەستبەرداری ماڵ و خاکی خۆیان ببن".

سلێمانی

 

لە دوای ٢٧ی تشرینی دووەم، کە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا هێرشیان کردە سەر شاری حەلەب، چەندین ناوچەیان داگیر کرد و خەڵک لە شاری حەلەب و کامپەکانی شەهبا ئاوارە بوون بەرەو شاری مەنبج و ڕەققە، ڕووخانی ڕژێمی سووریا بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد، لە ٨ی کانوونی یەکەمیشدا قۆناغێکی دیکە بۆ سووریا و بە تایبەت چارەنووسی کورد و گەلانی ناوچەکە لە سووریادا دێتە ئاراوە.

 

ژنان لە شاری سلێمانییەوە پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی ڕۆژئاوای کوردستان دەردەبڕن و باس لە دۆخی ژنان لەناو ئاوارەیی و شەڕدا دەکەن.

 

نەریمان عەڤدۆکی، نووسەر، کە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە و لە پێشەنگای پەرتوک بە ناوەندی شلێری ڕۆژئاوای کوردستان بەشدارییان کردووە، باس لە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، کە لە بەردەوام ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە و خەڵک بۆ جارێکی دیکە ناچاری کۆچبەری بوون، دەڵێت: ئێشی کۆچبەری بۆ ژنان دوو هێندە سەختە، دۆخی ژنان لەناو هێرشەکاندا زۆر سەختە، چونکە ژن دایکە و ماڵ بەڕێوەدەبات، هەروەها پێویستی تایبەتییان هەیە لەو شەڕانەدا ناکەوێتە بەرچاو، بۆیە ئەمانە دەبێتە هۆی ئەوەی شەڕەکان بۆ ژنان سەختتر بێت، لەلایەکی دیکەوە گرێدراوی ژن بە ماڵ و خاکەکەیەوە بەهێزە و ناتوانێت بە ئاسانی دەستبەرداری بیرەوەری و خاکەکەی ببێت، کاتێک ژنێک کۆچبەر دەبێت، ئازار و ژیانی سەختتر دەبێت.

 

ئەو نووسەرە باسی لەوەشکرد، تەنها ژن دەتوانێت هەست بە ژنان بکات، بۆیە دەبێت هەموو ژنان بێنە دەنگ، وتیشی: داواکاری ئێمە ئەوەیە هەموو ژنانی جیهان لە دژی هێرشەکان بووەستنەوە و داوای ماف و ئازادی بکەن، داوای مافی ئەو ژنانە بکەن کە لە کۆچبەریدا ڕووبەڕووی بێ پێداویستی دەبنەوە لە کاتێکدا دەبێت شیر و پێداویستی منداڵەکانیان دابین بکەن.

 

کانی عەبدوڵا، گەنجێکی خەڵکی سلێمانییە و باس لەوە دەکات، کە دوای بیستی هەواڵی هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان خەمبار بووە، وتی: ئێستا لە جیهاندا زیاتر نائارامی دروستبووە و خەڵک کۆچبەر دەبن، لەم کاتانەدا ژنان بە پلەی یەکەم ڕووبەڕووی زەحمەتی دەبنەوە، چونکە خاوەن منداڵە، دایکە، پێکهاتەی بایۆلۆجی تایبەتی هەیە، کە دۆخی کۆچبەری بۆی سەختترە، من کاتێک ئاوارەکان دەبینم، خۆم دەخەمە شوێنی ئەوان کە چەندە لە کۆچبەریدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە.

 

ئەو گەنجە باسی لەوەکرد، کە هەرکەس لای خۆیەوە دەتوانێت هاوکار بێت لە پشتیوانیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان و وتی: من پەیجم هەیە و هەوڵ دەدەم لە ڕێگەیەوە زانیاری لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوبکەمەوە، تا ئەو کەسانەی هەواڵ و زانیارییان لا نییە، بە دۆخی خەڵک ئاشنا ببن.