مەنیژە سدیقی: بۆ ماوەی حەوت مانگ لە زیندانەکانی تالیبان ئەشکەنجە و دەستدرێژی کرایە سەرم

مەنیژە سدیقی، چالاکوانی مافی ژنان و یەکێک لە ژنانی ناڕازی، کە ماوەی حەوت مانگ لە زیندانەکانی تالیبان ڕاگیرابوو، ڕایگەیاند کە لە زیندانەکانی ئەم گروپەدا ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و دەستدرێژی بووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

١ی کانوونی یەکەم، مەنیژە سدیقی، چالاکوانی مافی مرۆڤ و ژنان و ئەندامی "بزووتنەوەی خۆبەخۆی ژنانی ناڕازیی ئەفغانستان"، کە حەوت مانگ لە زیندانێکی تالیبان دەستبەسەر بوو، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا باس لەو ٧ مانگە دەکات کە لە زینداندا بووە و وتی: "لە زینداندا لە ڕووی جەستەیی و دەروونی و سۆزدارییەوە بە توندی ئەشکەنجە دەدرام. ئەم یادەوەرییە تاڵانە تا کۆتایی ژیانم دەمێننەوە، هەرگیز لە مێشکمدا ناسڕدرێنەوە".

 

لە بەشێکی گرتە ڤیدیۆییەکەدا، وێڕای ڕەخنەگرتن لە کەمترخەمی دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ بەرامبەر بە بارودۆخەکەی، ڕایگەیاندووە کە ئێستا لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان بەبێ بەڵگەنامەی یاسایی لە دۆخێکی ناهەموواردایە و ڕووبەڕووی کێشەی ئابووری و ئەمنی بووەتەوە، داوای هاوکاری دەکات لە هەموو ڕێکخراو و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ، بەڵام هیچ کام لەم ڕێکخراو و دامەزراوانە وەڵامی داواکارییەکانی نەداوەتەوە.

 

ئەم چالاکوانەی مافی ژنان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، کە گرنگی بە دۆخی ژنانی ئەفغانستان بدەن؛ دان بە ئاپارتایدی جێندەری لەم وڵاتەدا بنێن و تالیبان بخرێتە بەردەم دادگا لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەتایبەتی مافەکانی ژنان.

 

مەنیژە سدیقی، چالاکوانی مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان، لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە شاری کابول بێسەروشوێن بوو. دواتر هێزەکانی تالیبان ڕایانگەیاند کە ناوبراو لەژێر دەستی ئەواندایە. مەنیژە سدیقی لە ٥ی تشرینی دووەم، بۆ زیندانی پۆلچەرخ لە ڕۆژهەڵاتی کابول گوازرایەوە، کە بە زۆری زیندانییە مەترسیدارەکان لەوێ دەهێڵرێنەوە.

 

ڕۆژی دووشەممە ٧ی شوباتی ٢٠٢٤، ڕێکخراوی فریاگوزاری ئەفغانستان ڕایگەیاند کە مەنیژە سدیقی لەلایەن دادگای تالیبانەوە بە دوو ساڵ زیندانی سزادراوە.

 

ئەم چالاکوانە داکۆکیکارەی مافی ژنان دواجار دوای حەوت مانگ دەستبەسەربوون، ٦ نیسانی ئەمساڵ و دوای دوو ڕۆژ لە بڵاوبوونەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ، کە لە یەکێک لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی وڵاتەکەدا پەخشکرا، لە زیندانی پۆلچارخ ئازاد کرا.