لە هەولێر خۆپیشاندان کرا و داوای دامەزراندن دەکرێت
كارمەندانی گرێبەستی تەندروستی لە بەردەم بینای وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەولێر خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و شەقامی شەست مەتریان داخست، هێزێکی زۆری ئەمنیش بەرامبەر خۆپیشاندەران بڵاوەیان پێکراوە.
ناوەندی هەواڵ
بەهۆی دانەمەزراندن و بێ بەشكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامەزراندن، ناو بە ناو خۆپیشاندان لە هەولێر و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت، لەو چوارچێوەشدا ئەمڕۆ ١ی کانوونی یەکەم، كارمەندانی گرێبەستی تەندروستی لە بەردەم بینای وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمی كوردستان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و شەقامی شەست مەتری بەردەم بینای وەزارەتەكەیان داخست.
خۆپیشاندەران وتیان: كارمەندمان هەیە ١٣ ساڵە فەرمانبەری گرێبەستە و لە ساتە ناخۆشەكانی وەك كۆرۆنا و شەڕی داعش كارمان كردووە و خزمەتمان كردووە، بۆیە بە مافی خۆمانی دەزانین كە داوای دامەزراندن بكەین.
ئاماژەیان بەوەشکرد، مافی مۆڵەتی دایكایەتییان نییە و جیاكاری لە دامەزراندنیان هەیە، پێشتر پێیان وتوون دوای سێ ساڵ دەیانكەن بە فەرمانبەری هەمییشەیی، بەڵام ئەوە ١٣ ساڵ تێپەڕی هێشتا نەكراون بە هەمیشەیی.
جێگای ئاماژەیە، هێزێكی زۆری ئەمنی لە بەردەم بینای وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمی كوردستان بڵاوكراوەتەوە.