بیرسەن ئۆرهان سزای بەندکردنی ماڵەوەی بەسەردا سەپێندرا

بیرسەن ئۆرهان، هاوسەرۆکی شارەوانی شاری دێرسیم، کە هاوکات لەگەڵ دانانی قەیوم لەلایەن وەزارەتی تورکیاوە دەستگیرکرا، بە سزای دەستبەسەرکردنی ماڵەوە لە زیندانەوە ڕەوانەی ماڵەوە کرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ٢٥ی تشرینی دووەم، بیرسەن ئۆرهان، هاوسەرۆکی شارەوانی شاری دێرسیمی باکووری کوردستان، کە دوابەدوای بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بۆ دانانی قەیوم لێپێچینەوە و دەستگیرکرا، برایە بنکەی پۆلیس بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوە بدات، دوای تەواوبوونی پرۆسەی لێکۆڵینەوەکە ڕەوانەی داواکاری گشتی کرا.

 

داواکاری گشتی بیرسەن ئۆرهانی، کە لەلایەن هاوڵاتیانی دێرسیمەوە بە سەرۆکی شارەوانی دێرسیم هەڵبژێردرا و لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بە سەرۆککۆماری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەکارەکەی دوورخرایەوە و قەیوم بۆ شارەوانی دێرسیم دەستنیشانکرا، هەروها بە تۆمەتی "هاندانی خەڵک بۆ دوژمنایەتی و ڕق" و ""سووکایەتیکردن بە بەرپرسێکی حکومی" بە دادگای تاوانەکانی ناساند و داواکارییەکی بۆ دەستگیرکردن و گواستنەوەی بۆ زیندان پێشکەش کرد.

 

دوای لێپرسینەوە لە دادگا، دادوەر بڕیاریدا بە جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی کۆنترۆڵکردنی دادوەری بیرسەن ئۆرهان ئازاد بکات. بەم پێیە خراوەتە ژێر دەستبەسەری ماڵەوە و هەروەها لە دەرکەوتن بۆ دەرەوەی وڵات لێ قەدەغە کراوە. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دوو ڕۆژ لەمەوبەر دوای دوورخستنەوەی سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان، دەم پارتی لە دێرسیم و پارتی کۆماری خوازی گەل (جەهەپە) لە پولور (ئۆڤاجک) قەیومی دانا. ئەم کارە بە کاردانەوەی توندی خەڵک بەرەوڕوو بووەوە و ناڕەزایەتی شەقامەکانی نێوان خەڵک و هێزەکانی پۆلیس ڕاکێشرایە ناو ململانێیەکەوە.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆ، لە شارەوانی دێرسیم، لەبری جەودەت کۆناک و بیرسەن ئۆرهان، هاوسەرۆکەکانی شارەوانییەکە، بولێنت تەک بەیک ئۆغڵو بە پارێزگاری دێرسیم دەستنیشان کراون. هەروەها لە شارەوانی پولور لەبری مستەفا ساریگۆل، حسێن شامیل سۆزان، وەک پارێزگاری ئەم شارە ناسێندرا.