کۆمیتەی ٢٥ تشرینی دووەم؛ بەڵێنی ئێمەی بۆ ئەو ژنانەی کوژراون، ئەم دڕندەییە لەناودەبەین

کۆمیتەی ٢٥ تشرینی دووەم لە ڕاگەیاندراوێکدا زنجیرە چالاکییەکانیان سەبارەت بە ڕۆژی بەرەنگارەبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ئاشکرا کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

بە نزیکبوونەوە بە ٢٥ تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، کۆمیتەی ٢٥ تشرینی دووەم کە لە کۆمەڵێک ڕێکخراو و چالاکوان و ژنانی ناو پارتە سیاسییەکانی شاری سلێمانی پێکهاتووە، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان ئاشکرا کرد و پلانی زنجیرە چالاکییەکانیان بۆ ٢٥ تشرینی دووەم خستەڕوو.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا بە تیشک خستنە سەر ئەوەی ، ژنان ڕۆژانە لە ژێر بۆردوومانی توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵگەیی و دیجیتاڵ ژیان دەکەن، هەرچەندە لەسەدەی ٢١ باسی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی بکرێت بەڵام نابیت ئەو ڕاستییە لەبەرچاو نەگرین کە لایەنی دەسەڵاتداریتی پیاو و فاشیزم لە لوتکەدایە.

 

هەروەها لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: بە ئەنجامدانی چالاکی هەمەرەنگ جارێکی تر توندوتیژی لەسەر ژن و کۆمەڵگە مەحکوم دەکەین و بەڵێن دەدەین لە تێکۆشان بەردەوام بین.

 

زنجیرە چالاکییەکانی کۆمەیتەی ٢٥ تشرینی دووەم ئەنجامدانی سیمینار،  ئەنجامدانی پانێڵ، شانۆی سەر شەقام، کردنەوەی پێشانگا، گردبوونەوە بە شێوەی زنجیرە، سەردانیکردنی شوێنی شەهادەتی هەردوو ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا  و هیرۆ بەهادین، بڵاوکردنەوەی نامیلکە، هەڵواسینی فلێکس لە شوێنە گشتییەکان لە خۆ دەگرێتەوە.

 

 دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم  شێوەیەیە:

٢٥ نۆڤەمبەر کە وەک ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییە دژی ژنان، بەردەوام ساڵانە ژنان رووبەڕووی سەدان ڕووداوی توندوتیژی و کوشتن و بن پێکردنی هەموو مافەکانیان دەبنەوە. دوای ٧٤ ساڵ لە کوشتنی خوشکانی میراباڵ بەشێوەیەکی وەحشییانە تەنها گۆڕانکاری ئەوەیە کە توندوتیژی لەسەر ژن قووڵتر و زیاتر بووە. لە رۆژی ئەمرۆماندا تەنها ژنێک نەماوە کە توندوتیژی جەستەیی یان دەروونی یان فکری بەرامبەر ئەنجام نەدرابێت. ژن ڕۆژانە لە ژێر بۆردوومانی توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵگەیی و دیجیتاڵ ژیان دەکات. هەرچەندە لەسەدەی ٢١ باسی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی بکرێت بەڵام نابیت ئەو ڕاستییە لەبەرچاو نەگرین کە لایەنی دەسەڵاتداریتی پیاو و فاشیزم لە لوتکەدایە. لەلایەکی ترەوە ئەو شەڕەی ئەمڕۆ لە بەرژەوەندی پیاو- دەوڵەت ڕوودەدات هەموو ئەخلاقیات و یاساکانی شەڕی تێپەڕاندووە. لەم شەڕانەدا ئەوەی زیاتر ڕووبەڕووی دڕندەیی ئەبێتەوە و مافەکانی پێشێل دەکرێت دیسان ژنە، کوشتن، ڕفاندن، دەستدرێژی کردن، خەتەنەکردن، بێ ماڵ مانەوە، هەموو ئەمانە و زیاتریش ئەبێتە چارەنووسی ژن. دووبارە ئەو ژنانەی کە لە ناو شەڕ هەڵدێن و کۆچ دەکەن، لەو ڕێگەیەدا ڕووبەرووی مامەڵەی دوور لە ئەخلاقی ئەبنەوە.

 

هەندیک لەو ژنانە دەستدرێژی ئەکرێتە سەریان و لەدەریادا ئەخنکێنرێن، هەندێک جاریش کاتێک کە  دەگەنە ئەوروپا ئەکەونە دەستی باندەکانی لەشفرۆشی و هەموو جۆرە مامەڵەیەکی ناشرین و نەشیاویان بەرامبەر ئەکرێت. ئەو شەڕانەی کە بۆ بەرژەوەندی دەسەڵات- پیاو بەرپادەکرێت ئەوەی زیاتر لەناو ئەچێت و دەبێتە قوربانی ژنانن. لەلایەکی تر پێشکەوتنی تەکنیکی سۆشیال میدیا ژن وەکو کاڵایەکی سێکسی بەکاردەهێنێت،  هەروەها بەناوی خێزانەوە هەموو جۆرە هێرشێک بەرامبەر ژن ئەنجام دەدرێت و هەموو ئەو هێرشانەش ڕەوا نیشان ئەدرێت. بەناوی پیرۆزی خێزان هەموو جۆرەکانی توندوتیژی وەک دەستدرێژی، لێدان، بێ دەنگ کردن، سوکایەتی پێکردن ئەنجام دەدرێت، بەناوی کێشەی خێزانییەوە ڕێگە لە هەموو جۆرە یارمەتیی و هاوکارییەک ئەگیریت کە بۆ دەربازکردنی ژنان لەو دۆخە ئەنجام دەدرێت، ژن ناچاری هەموو جۆرە زۆردارییەک دەکەن کە بەرامبەری دەکرێت.

 

دووبارە لەم دوواییانەدا چەندین حالەتی هاوسەرگیری پێش وەختە و  بە شوودان کچان لە تەمەنێکی بچووکدا بینرا ئەمەش جۆرێکی ترە لە پێشێلکردنی مافەکانی ژن، هەروەها دەستدرێژی لەسەر منداڵ، خەتەنەکردنی منداڵ، کوشتن، ڕفاندن هەموو ئەمانە مرۆڤایەتی و بوونمان ئەکاتە ژێر پرسیارەوە. دەبێت خۆمان لە بەرامبەر هەموو ئەو جۆرە توندوتیژییانە بەرپرسیار ببینین. چونکە ئێستا هەم لەناو کۆمەڵگە هەم لە ناو خێزاندا داڕمانێکی ئەخلاقی هەیە. ئەم کێشە و کارەساتانە زۆر بە قوڵی هاتوونەتە ناو تاک و کۆمەڵگەکەمانەوە ئەمەش لە ئەنجامی زهنییەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتدارییە لەسەر کۆمەڵگە و خێزان.

 

لەلایەکی ترەوە دەوڵەتانی داگیرکە کە بەرهەمی زهنییەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتداریین بوونەتە هۆکاری داگیرکاری لەسەر خاک و وڵات و نەتەوەکەمان. لە ڕووی سەربازییەوە هاوڵاتیان و هاونیشتمانیانمان دەکوژن و خاک و ئاو و سامانی ئەم نەتەوەیە دەدزن و تاڵانی دەکەن، لە لایەکی تریشەوە لە ڕێگەی جۆر بە جۆرەوە  هەوڵی ئاسیملاسیۆنی کولتوری و ئەخلاقی کۆمەڵگەی کوردی دەدەن و لە ڕێگەی زنجیرە و دراما و فلیمەکانیانەوە کۆمەڵگە لە ئەخلاق و جەوهەری خۆی دوور دەخەنەوە و کولتوور و ئەخلاقێکی نامۆ بەم کۆمەڵگەیە دەرخواردی تاک بە تاکی کۆمەلگە دەدەن.

 

هەروەها ڕژێمی داگیرکەر و دڕندەی ئێران بە ڕێگەی سێدارە دەیەوێت هیوا و ئامانجەکانی گەلەکەمان و بەتایبەت ژنان لە ناو ببات، لە ڕیگەی لە سێدارەدانی ژنانی پێشەنگەوە دەخوازیت ڕێگە لەبەردەم گۆڕانکاری گەورە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگرێت. هەموو ئەوانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد  بەشێکن لەو ڕاستیانەی کە ئێمەی داوەتە دوای یەکتر و بۆ ئەوەی هێزی خۆمان یەکبخەین و لە ئاستی توندوتیژی و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان بی دەنگ نەبین و هاڵوێستی توند نیشان بدەین، لەهەمان کاتدا ئەم سەدەیە کە بە سەدەی هۆشیاربوونەوەیە ژنان ناسسراوە. پێویستە کە ژنانی زانا و هۆشیار چیتر قەدەری خۆیان نەدەنە دەست دەوڵەت- پیاو. خۆیان بپارێزن و پاراستنی جەوهەری خۆیان بونیاد بنین، خۆیان بە ڕێکخستن بکەن و تیکۆشانی هاوبەش ئەنجام بدەن، ئێمە لەسەر ئەم بنەمایە دەڵێین هێرشی پیاو- دەوڵەت چەندێک توند بێت تێکۆشان و یەکگرتنی ژنان و خۆپاراستنی ژنانیش ئەوەندە توند و دژوار دەبێت. بۆ ئەوەی سەدەی ٢١ ببێتە سەدەی شۆڕشی ژن ئەبێ ئێمە هەمیشە لە ناو تێکۆشاندابین.

 

لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە کۆمەڵیک لە ژنانین بەناوی ڕێکخراو و چالاکوان و ژنانی ناو پارتە سیاسییەکان کە وەک هەست کردن بە ئەرک و بەرپرسیاریتی خۆمان زنجیرەیەک کۆبوونەوەمان ئەنجامدا و لە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانەدا بڕیاری زنجیرەیەک چالاکیماند بە ناوی کۆمیتەی ٢٥ نۆڤەمبەر، بە ئەنجامدانی چالاکی هەمەرەنگ جارێکی تر توندوتیژی لەسەر ژن و کۆمەڵگە مەحکوم ئەکەین و بەڵێن دەدەین لە تێکۆشان بەردەوام بین، چالاکییەکانیشمان ئەمانەی لای خوارەوە دەگرێتەوە.

 

١-ئەنجامدانی سیمینار

٢-ئەنجامدانی پانێڵ

٣-شانۆی سەر شەقام

٤-کردنەوەی پێشانگا

٥-گردبوونەوە بە شێوەی زنجیرە

٦-سەردانیکردنی شوێنی شەهادەتی هەردوو ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا  و هیرۆ بەهادین

٧-بڵاوکردنەوەی نامیلکە

٨-هەڵواسینی فلێکس لە شوێنە گشتییەکان