تەرمی گەنجە ١٦ ساڵەکەی زێی بچووک دۆزرایەوە؛ نوژنها زانیاری لە بارەیەوە دەدات
دوێنێ ژنێکی گەنجی ١٦ ساڵ بە ناوی لاڤە سەدرەدین عیزەدین لە زێی بچوک لە شارۆچکەی تەقتەق لە ئاودا خنکا و بەیانی ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە.
کۆیە
سۆران موبارەک، لێپرسراوی بنکەی تیمی خەواسی شارۆچکەی تەق تەق سەر بە پارێزگای هەولێر بە نوژنهای ڕاگەیاند، کاژمێر ١ی نیوەڕۆی ڕۆژی سێ شەممە، ١٢ی تشرینی دووەم، ژنێکی گەنج بە ناوی (لاڤە سەدرەدین عیزەدین لەناو ئاوی زێی بچووک لە شارۆچکەی تەقتەق سەر بە شاری کۆیە، کە تەمەنی ١٦ ساڵە خنکا.
سۆران موبارەک ئاماژەی بەوەشدا، نازانرێت ئایا حاڵەتەکە کۆتاییهێنان بە ژیان بووە، یان کەوتووەتە ناو زێیەکەوە.
دوای گەڕانێک بە دوای تەرمەکەدا، بەیانی ئەمڕۆ تەرمی لاڤە سەدرەدین عیزەدین لە ڕۆخی زێیەکە دۆزرایەوە، هاوکات دوێنێ، رایدی پۆلیس هەرێم دڵشاد، لێپرسراوی بنکەی پۆلیسی تەقتەق پێی ڕاگەیاندین، کە جارێ هۆکاری خنکانی ئەو ژنە گەنجە دیار نیە، تەنها لە کامێراکانەوە دەرکەوتووە خۆی هەڵدەداتە ناو ئاوەکە، بۆیە جارێ لێکۆڵینەوە نەکراوە، ئایا بە مەبەستی خۆکوشتن بووە یان نا .
سەرچاوەیەکی دیکە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکەین، بۆ نوژنها وتی: خۆی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.