نەتەوە یەکگرتووەکان: سزای لە سێدارەدان لە ئێران زیادی کردووە
نەتەوە یەکگترتووەکان هۆشداری لە بارەی دۆخی زیندانییەکانی ئێرانەوە دەدات و دەڵێت: جگە لە سزای لەسێدارەدانی زیندانیان بە تۆمەتی ماددە هۆشبەرەکان، دەرکردنی سزای لە سێدارەدان بۆ زیندانیانی سیاسیش زیادی کردووە.
ناوەندی هەواڵ
مای ساتۆ، ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران سەبارەت بە ئازادی دەربڕین و بارودۆخی زیندانیانی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، لە ئێران مافە مەدەنییەکان زیاتر بەرتەسک دەکرێنەوە، لەوانە سنووردارکردنی پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ، تۆقاندن و بە ئامانجگرتنی رۆژنامەنووسان، دەستگیرکردنی هەندێکیان بە تۆمەتی نادیار وەک دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی و بێبەشکردنیان لە خزمەتگوزاری تەندروستیی دوای زیندانیکردن.
وتیشی، لە چەند مانگی ڕابردوودا ژمارەی لەسێدارەدان لە ئێران زیادی کردووە، جگە لە سزای لەسێدارەدانی زیندانیان بە تۆمەتی ماددە هۆشبەرەکان، دەرکردنی سزای لە سێدارەدان بۆ زیندانیانی سیاسیش لەم مانگانەی دواییدا زیادی کردووە، حکومەتەکانی وەک ئێران بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان پشت بە ماددەی ٦ی پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان دەبەستن.
دەشڵێت، هەرچەندە ئەم ماددەیە سزای لەسێدارەدان بۆ دەستەواژەی گشتی “مەترسیدارترین تاوانەکان” سنووردار دەکات، بەڵام بەپێی بڕیاری لێکدانەوەی کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم ماددەیە تەنها ئاماژە بە کوشتنی بە ئەنقەست دەکات.
جێگای ئاماژەیە، بە پێی سەرچاوەکانی مافەکانی مرۆڤ، لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ٨ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، ٨١١ کەس لە ئێران لەسێدارەدراون کە چوار کەسیان لە خوار تەمەن ١٨ ساڵیدا بوون.