بەهۆی تەعریبەوە لە کەرکوک بانگەواز بۆ دواخستنی سەرژمێریی کرا
بانگەوازێک لەلایەن ڕێکخراوەکانی شاری کەرکوکەوە ئاڕاستەی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕای گشتیی کرا کە هەوڵبدرێت ڕێگری لە ئەنجامدانی سەرژمێری لەو شارە بکرێت چونکە بەشێکە لە جێگیرکردنی ئەو تەعریبەی ١٠٠ ساڵە لەو ناوچانە بەڕێوە دەچێت.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ٣٠ی تشرینی یەکەم لە شاری کەرکوک، ڕێکخراوەکانی شارەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان لەبارەی ئەنجامدانی سەرژمێریی ئەنجامداو ئاماژەیان بەوەکرد، بەر لە ساڵی ٢٠١٣ حکومەتی عێراق ڕێگرییان دەکرد لە ئەنجامدانی سەرژمێریی، بەڵام پاش پەراوێزخستنی کورد و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکان ئێستا پێداگریی لە ئەنجامدانی سەرژمێریی دەکرێت.
ئاماژە بەوەکرا، نەبوونی دیاری کردنی نەتەوە لە فۆڕمی سەرژمێرییدا، بەشێکە لەو پیلانەی بۆ سڕینەوەی نەتەوەی کورد لەو ناوچانە، لەم دۆخەی ئێستادا و ئەنجامدانی سەرژمێریی واتە پەسەندکردنی سیاسەتی تەعریبی ١٠٠ ساڵەی دەوڵەتی عێراق، چونکە مەترسییە گەورەکەی ئەنجامدانی سەرژمێریی بەو شێوازەی ڕێکخستنی بۆ کراوە ئەوەیە، واتە بەفەرمی تۆمارکردنی سەدان هەزار عەرەبی هاوردە کە ناتوانرێت هەرگیز گۆڕانکاریی تێدابکرێت و ئەنجامەکانی جێگیر و نەگۆڕن، ئەوەش واتا بەعەرەب کردنی ناوچە دابڕێنراوەکان و خودی هەرێمی کوردستانیش دێت، بۆیە ڕێگریی کردن لە ئەنجامدانی سەرژمێریی ئەرکێکی نیشتیمانی و نەتەوەییە.
سەرچاوەی ئەو ترسەشیان لە ئەنجامدانی سەرژمێریی گەڕاندەوە بۆ چەند خاڵێک کە بریتیبوون لە:
یەکەم: کورد لە ناوچە دابڕێنراوەکان ئامادە نین بۆ سەرژمێریی و جێبەجێ نەکردنی مادەی ١٤٠ لە دەستووری عێراق.
دووەم: خەڵکی ناوچە دابڕێنراوەکان بۆ سەرژمێریی وەک پێویست نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانیان.
سێیەم: نەبوونی بڕگەی دیاری کردنی نەتەوە لە فۆڕمی سەرژمێریی، بە زەقی نیازی ئەنجامدانی سەرژمێرییەکە دەردەخات، کە بێبەشکردنی نەتەوەی کوردە لە ناسنامەی نەتەوەیی.
چوارەم: هەموو ئەوانەی ماوەی ١٠٠ ساڵە بە هۆکاری شەڕ و داعش و ململانێکان هاتوونەتە هەرێم یاخود ناوچە دابڕێنراوەکان لە شوێنی خۆیان ناونووس و تۆمار دەکرێن، ئەو تۆمارەش بۆ هەتاهەتایە وەک خۆی دەمێنێتەوە و هیچ هێزێک ناتوانێت گۆڕانکاریی تێدا بکات.
پێنجەم: نزیکەی ٦٠٠ هەزار عەرەبی تەعریب کراو هاتوونەتە کەرکوک و دەورووبەری و ملیۆنێکیش لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، پاش ناونووسکردنیان لە سەرژمێریی ئیدی ئەوانە دەبنە هاوڵاتی و نیشتەجێی هەمیشەیی ئەو ناوچەیە.
بۆ چارەسەری ئەو دۆخەش ئەوەیان خستەڕوو، کە پێویستە لەئێستادا سەرژمێریی دوابخرێت، تا مەرجی ئاسایی کردنەوەی ناوچە دابڕێندراوەکان وەک ئەوەی لە دەستووردا هاتووە "مادەی ١٤٠" بسەپێندرێت بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی، ئەگەر ئەوە ئەنجامی نەبوو و نەتواندرا سەرژمێریی دوابخرێت دەبێت بایکۆتی سەرژمێریی بکرێت.
بڕیارە لە ٢٠ی ئەم مانگە سەرژمێری گشتیی لە عێراق بەڕێوەبچێت و ماوەی ١٥ ڕۆژ دەخایەنێت.