ژنان لە لیبیا ڕۆڵێکی کارا بۆ سەقامگیری و بنیادنانی دەگێڕن
ئەو ژنانەی لە لیبیا نیشتەجێن، باسیان لە دۆخی ئاشتی و ئاوەدانکردنەوەی لیبیا کرد، بەتایبەتی لە هەردوو دیوی ڕۆژهەڵات و باشوور و دووپاتیان کردەوە، ژنان ڕۆڵێکی گرنگیان لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی لیبیادا هەبووە.
ئیبتسام ئەغفیر
بنغازی- ژنان بە هەموو هێزی خۆیان لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و ئاسایش لە بنغازی و شارەکانی دیکەی دیوی ڕۆژهەڵات بەشدارییان کرد، ژنان ئەندازیار و بەڕێوەبەر بوون، تەنانەت لە پشت پەردەوە ڕۆڵیان لەم پرۆسەیەدا هەبوو.
"ژنان ڕۆڵێکی گرنگیان بینی لە ئاوەدانکردنەوەی لیبیا"
بلقەیس ئەخریس، ئەندامی کۆمەڵەی وێژە و هونەر و ڕۆشنبیری، باس لەوە دەکات کە دۆخی ئاشتی و ئاوەدانکردنەوە لە شارەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری لیبیا دەرئەنجامێکی ئاساییە لە دوای شەڕی ئەو وڵاتە و دەڵێت: ژنان ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە و ڕۆڵی چالاک لەم پرۆسەیەدا دەگێڕن، ژنەکان بە هەموو تواناکانیانەوە پشتگیری دەدەن، تەنانەت ئەگەر ژن بێت و منداڵیشی نەبێت، ڕۆڵی پشتیوانی دەگرێتە ئەستۆ و یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ئەو قەیرانەی کە لە دوای خۆی بەجێدەمێنێت.
بلقەیس ئەخریس لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەو ئارامییە ئێستا لە بنغازی هەیە لە سایەی بوونی ژنان و بەڕێوەبردنی چالاکییە هونەری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسییەکانەوەیە، زۆرێک لەو ژنانە هەن کە بە بێدەنگی کاردەکەن و ڕۆڵی کارا دەگێڕن بۆ گەشەپێدانی وڵات. ئێمە دەمانزانی کە دەگەینە ئەم پرۆسەیە چونکە مێژووی لیبیا شاهیدی ئەم شتەی کردووە، لە لایەکی دیکەوە شارێکی وەرزشی بنیاد دەنرێت کە قەیرانی نیشتەجێبوونی گەنجان چارەسەر دەکات و ژنان ڕۆڵێکی گرنگیان لە بنیادنانی و سەقامگیریدا هەبووە.
"ئاوەدانکردنەوەی بنغازی هەلی کاری بۆ گەنجان ڕەخساند"
فەریحە عەبد ئەلعاسی ئەلسەعیتی ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند: "ئێمە ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیری لە شاری بنغازی و شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات و باشوور لە سایەی ڕێوەبەری ژنانەوە دەبینین، وڵات لە نوێوەی ئاوەدان دەکرێتەوە، لە دامەزراندنی زانکۆکانەوە تا بنیادنانی قوتابخانە پێشکەوتووەکان و گرنگیدان بە ڕێگاوبان و پردەکان. ئەوەی ئێستا بە تایبەت لە بنغازی دەگوزەرێت، هەنگاوێکە کە ماوەیەکی زۆرە نەنراوە. دوایین ئاوەدانکردنەوەی بنغازی لە ساڵانی هەشتاکان بوو، لەو کاتەدا تەنها هەندێک باڵەخانە و پرد دروستکراون، بەڵام ئێستا شارەکە بەرەو شارستانیەتێکی بیناسازی هەنگاو دەنێت. ژنان ڕۆڵێکی گرنگ و چالاکیان هەبووە تەنانەت ئەگەر لە پشت پەردەوەش بێت چونکە ئەندازیار و بەڕێوەبەر هەیە، تەنانەت دایکی شەهیدانیش دڵخۆشن بەو شتانەی لە بنغزی دەگوزەرێت، هەرچەندە لە شەڕدا منداڵەکانیان لەدەستدا. یەکێک لەو ژنانە وتی بەڵێ من کوڕە تاقانەکەم لەدەست داوە، بەڵام کاتێک ئاوەدانکردنەوە لە بنغازی دەبینم، دەڵێم خوێنی کوڕەکەم بەفیڕۆ نەچووە و نەوەی نوێ دێن و پاداشتی منداڵەکانمان دەبینن، ئاوەدانکردنەوە هەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت و ئەمەش سەقامگیری ئابووری و کۆمەڵایەتی دەهێنێت".
"لەگەڵ ئاوەدانکردنەوەی بنغازی و شارەکانی ڕۆژهەڵات، گەشتیاری زیاتر دەبێت"
سومەیە ئەلبوعیشی، سەرۆکی فەرمانگەی پشتیوانی ژنان لە ڕێکخراوی ڕاگەیاندن، باسی لە سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوەی شاری بنغازی و شارەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا کرد و وتی: بێ گومان سەقامگیری ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە پاڵپشتیکردنی بیناسازییەکەدا و بەرەو پێشەوەیان دەبات، بەتایبەت لە ڕووی ئابووری کۆمەڵایەتی و تەنانەت گەشتیاریشەوە، ئەمەش بۆ تاک و کۆمەڵگە زۆر گرنگە چونکە ئاستی ژیان بەرز دەکاتەوە و بەهای بیناکان باشتر دەکات. هەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت و کێشەی بێکاری کۆتایی دێت”.
سومەیە ئەلبوعیشی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لیبیا بە هێنانی گەشتیار بەناوبانگە و بە بیناسازییەکە نوێ و ژێرخانی تەندروست، دەتوانێت سەرنجی زیاتری بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و گەشتوگوزاریش زیاتر دەبێت. جیهان دەبینێت چۆن ئاوەدانکردنەوە و ئاسایش لە بنغازی و شارەکانی ڕۆژهەڵاتدا بەڕێوەدەچێت. پێویستە بزانرێت کە ڕۆڵی ژنان لە ئاشتی و ئاوەدانکردنەوەدا زۆر گرنگە.