ئەکادیمیای ژنۆلۆژی شەنگال لە ڕێگەی گفتوگۆوە ژنۆلۆژی دەناسێنێت

ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە سەرتاسەری شەنگال لەگەڵ ژنان باس لە زانستەکەی دەکات، دوێنێ لە گوندی گوهبەل گفتوگۆی ژنۆلۆژی بە جۆش و خرۆشەوە بەردەوام بوو، ژنانی بەشداربوو ڕای خۆیان دەربڕی.

شەنگال

 

ئەکادیمیای ژنۆلۆژی شەنگال کە لە ٤ی تشرینی یەکەم کە دووەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل بوو دەستی بە چالاکییەکانی کرد، لە ڕێگەی گفتوگۆ لەگەڵ ژنان ژنۆلۆژی دەناسێنێت، دوێنێ لە گوندی گوهبەل سەر بە شارۆچکەی سنونێ ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی ژنان سەبارەت بە ژنۆلۆژی گفتوگۆیان کرد.

 

 هەرچەندە بۆ یەکەمجار لە شەنگال باسی ژنۆلۆژی بە شێوەیەکی بەرفراوان دەکرێت، بەڵام بۆچوون و پێشنیاری ڕەنگاوڕەنگ سەریان هەڵدا، لە هەمان کاتدا نەریتە کۆنەکانی پێکهاتەی ئێزدی وەک نموونە لە سیمینارەکەدا پیشاندرا.

 

 "ژن ڕێگای ئازادیی دۆزیەوە"

یوسرا شەنگالی، ئەندامی ئەنجومەنی گوندی گوهبەل لە سیمینارەکەدا وتی: دەمانەوێت هەمیشە باشترین کار بۆ ژنان بکەین، چونکە ژنان هەمیشە چاویان بەسترابوو, ئێمە هەمیشە لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت و پیاودا بووین, دەسەڵاتی دەوڵەت لە هی پیاو خراپتر بوو، ڕێگەی نەدەدا ژنان بە تەنیا کار بکەن، ئەگەر بیکردایە، دەبوو بە سەرچاوەی گاڵتەجاڕییەکانیان، پێشتر گوێم دەگرت کاتێک دەنگی تەقە دەبیسترا، بەڵام دوای ئەوەی چوومە دەرەوە زۆر شت فێربووم و ناترسم، دەبێت ژنان لە کۆیلایەتی پیاوان ڕزگاریان بێت و بە ئازادی بژین، ژنان لە فەرمانەکەدا ئازاریان بینی و زەرەرمەند بوون کە ئێستاش ژن منداڵانی کچی ئێزدی لەدەست چەتەکاندان، ئێستا چاوی ژنان کراوەن، هێزێکی گەورەیان هەیە و خۆیان ڕێکدەخەن، بە بیری ڕێبەر ئاپۆ، ژنانی ئێزدی ڕێگەی ئازادییان دۆزیەوە.

 

"ژنان پێشنیاریان بۆ خەباتی ژنۆلۆژی کرد"

 زۆزان سمۆ، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ" لە سیمینارەکەدا قسەی کرد و باسی ئەو ژنەی کرد کە بە تەنیا دەژیا و پێشنیارەکانی بۆ ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بەم شێوەیە دەربڕی: دەبینین ژنان بە تەنیا دەژین، هەمیشە هەموو کارەکانیان ئەنجام دەدەن. بەڵام بەداخەوە ئەوانەی پیاویان لەگەڵدایە ئازادی سنووردارە، لە هەمان کاتدا هیچ شتێکی سروشتی لە سەردەمی ئێمەدا نییە، ئێستا سەوزەوات لە گۆشت باشترە. چونکە گۆشت سروشتی نییە. گەنجانی ئەمڕۆ لە ژەمەکانی ڕابردوو و کارەکانی ڕابردوو نازانن، پێویستە هەموویان فێربن و بیکەن، چونکە تەندروستن، ئێمە پێشتر تەنورمان دروست دەکرد، شتێکی کولتووری و جوانە، بەڵام خەڵک ئێستا نازانن چۆن دروستی بکەن، چونکە فڕنیان هەیە، ئەرکی ئێمەیە فێری بین، پێشنیار دەکەم ئەکادیمیای ژنۆلۆژی پڕۆژە پەرەپێبدات بۆ ئاگاداربوون لە ڕابردووی شەنگال.

 

"گفتوگۆکان سوودی بۆ ژنان هەیە"

 ڤیان گوهبەل ئاماژەی بەوەکرد، گفتوگۆکان سوودبەخشن بۆ ژنان وتی: ئەمە یەکەمجارە گوێ لە بابەتی لەم شێوەیە دەگرم و گفتوگۆی لەو شێوەیە دەکەم و زۆر دڵخۆشم، پێویستە ڕێگا بۆ ژنان بکرێتەوە کە بچنە دەرەوە و کار بکەن و جیهان ببینن, پێش ئەوەی ئەم بیرۆکەیە بزانین، لە ماڵەوە دەرنەچووین، تەنانەت دراوسێکانیشمان نەدەناسی، ئێستا ئێمە لە شەنگال و دەرەوەی شەنگال هاوڕێیەتی دروست دەکەین.