ئەندامێکی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی: ئامانجمان گشتگیرکردنی ژنۆلۆژییە

زەریبان حەسەن، پێداچوونەوەی بە کۆنفرانسی دووەمی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و پرۆسەی ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسەکە کرد و ڕایگەیاند، کارەکانیان لەگەڵ کۆنفرانسەکەدا قووڵتر دەبێتەوە و وتی: ئامانجمان گشتگیرکردنی ژنۆلۆژییە.

 

دیرەن ئەنگیزەک – نوجان ئاراس

 

حەسەکە- ئەکادیمیای ژنۆلۆژی  باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە نێوان ٢٥-٢٦ی ئەیلوول لە شاری حەسەکە دووەمین کۆنفرانسی بە دروشمی "زانستی ژنان بە ژنۆلۆژی نوێ دەبێتەوە" بەست.

 

لە کۆنفرانسەکەدا ژنان لە هەموو گەلان و ڕێکخراوەکانی نیشتەجێی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە  ٣٠٠ نوێنەری هەر کانتۆنێکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە وۆرک شۆپ و گفتوگۆی سەرەتایی بەشدارییان کرد.

 

زەریبان حەسەن، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پرۆسەی ئامادەکردنی کۆنفرانس و گفتوگۆ و ئامانجەکانی دوای کۆنفرانسەکە هەڵسەنگاند و وتی: ویستمان ئەنجامی کۆنفرانسی یەکەم، کەلە ساڵی ٢٠١٨دا بەسترا، شی بکەینەوە کە تا چ ڕادەیەک ئامانجەکانمان بەدیهێناوە و تاوانیومانە لەگەڵ کۆمەڵگە هاوبەشی بکەین، لەم کاتەدا گرنگییەکی زۆری هەیە کە دوای ٦ ساڵ کۆنفرانسی زانستی دیکە ئەنجام بدرێت.

 

"پێش کۆنفرانسەکە، بابەتەکان لەگەڵ ژنانی تەمەنی جیاوازدا تاوتوێ کران"

زەریبان حەسەن ئاماژەی بەوەدا، لە شەهباوە تا دێرک لە هەموو ناوچەیەکدا پانێڵ و وۆرک شۆپ و ڕاپرسی بۆ کۆنفرانسەکە ئەنجامدرا، توێژینەوە لەسەر بابەتگەلی جیاواز کرا، هەموو ئەمانە لە ڕێگەی ناوەندەکانی توێژینەوەی ژنۆلۆژی لە ناوچەکان ئەنجامدرا، ڕۆڵی ژنان لە شۆڕشی ژناندا چییە؟ ژنۆلۆژی چی دەکات؟ تا چ ڕادەیەک زانستی ژنان، واتە زانستی ژن و ژیان، وەڵامی ئەو سیستەمە یان کەسانێک بووە کە دەیانەوێت شۆڕشی ژنان لەناوببەن؟ ئەم پرسیارانەمان تاوتوێ کرد، ئێمە سوودمان لە ئەزموونی شۆڕشەکانی پێشوو وەرگرت، ئێمە ویستمان لە شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە شێوەیەکی زانستیانە مامەڵە بکەین، پێش کۆنفرانسەکە ئەم بابەتانە لەگەڵ کۆمەڵێک ژن لە تەمەنی جیاوازدا تاوتوێ کران، لە ژنانی کرێکار، ئەو ژنانەی کە لە ماڵەوەن، ژنانێک کە کشتوکاڵی دەکەن و هەموو ژنانی توێژە جیاوازەکان، لەو چوارچێوەیەدا ویستمان پێشنیار، داواکاری یان ئەنجامی ژیانیان کۆبکەینەوە و لەم کۆنفرانسەدا هاوبەشی بکەین.

 

"لە کۆنفرانسەکەدا ٥ بابەتی سەرەکی تاوتوێ کران"

زەریبان حەسەن ڕوونیشی کردەوە کە گفتوگۆکان لەژێر پێنج سەردێڕی سەرەکیدا لە کۆنفرانسەکەدا ئەنجام دراون و وتی: لە کۆنفرانسی دووەمماندا باسمان لە ئاستی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، واتە دامەزراوەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد و ڕێبازەکانی ژنۆلۆژیمان خستەڕوو، ڕۆڵی ژنۆلۆژی لە شۆڕشی ژناندامان خستەڕوو. سەرەتا زانستی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چی دەکات، لێکۆڵینەوە لە چی دەکات، چۆن دەتوانرێت گشتگیربوونی ژنان بەدیبهێنرێت و چۆن زانستی ژنان بۆ هەموو شوێنێک هەڵدەگرین، چۆن پیشانی هەموو ژنان دەدەین؟ پرسیارەکان گفتوگۆیان لەسەر کرا، بێگومان پێشکەشکردن لەسەر ئەو بابەتانە کرا.

 

زەریبان حەسەن وتیشی: هەرچییەک ڕووبدات، پێویستە هەموو ژنان لەگەڵ زانستدا بژین، بەتایبەتی زانستی ژنان، نابێت لەگەڵ زانستە پۆزەتیڤیستەکاندا بژیت، پێویستە زانستی خۆت دروست بکەیت و پەیڕەوی لێبکەیت.

 

"خەباتی ژنۆلۆژی زیاتر فراوانتر دەکەین"

زەریبان حەسەن ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئامانجیان قووڵکردنەوە و فراوانکردنی چالاکییەکانی ژنۆلۆژییە و لە دوای کۆنفرانسەکە وەک ئەکادیمیای ژنۆلۆژی پلانی هەیە زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆی بگەیەنێتە ژنان، وتیشی: ئەو کەموکوڕیانەی بەهۆی سنوورداربوونی سیستمی دەوڵەتە دروستبووە، کاتێک دەمانەوێت دامەزراوەیەک بە ناوی ژنۆلۆژی یان ناوی ژن لە وڵاتانی عەرەبیدا بکەینەوە، بەربەستی زۆرمان ڕووبەڕوو دەبێتەوە، ئەو کارەی ئێمە ئامانجمانە، بەهۆی سنووردارکردنی یاسایی و سیستمی ڕەگەزپەرەستی و دەوڵەتپارێزەوە ناتوانرێت لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بۆیە یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانمان دوای کۆنفرانس فراوانکردن و قووڵکردنەوەی کاری ژنۆلۆژییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها لە ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کار کراوە و مەبەستمان ئەوەیە ئەمانە زیاتر فراوان بکەین، لە بنەڕەتدا ئامانجمان گشتگیرکردنی ژنۆلۆژییە.