ئەندامانی هاوپەیمانی ١٨٨: گۆڕینی یاسا شکاندنی ئیرادەی ژنانە

هاوپەیمانی ١٨٨ بەردەوامە لە چالاکییەکانی بۆ ڕاگرتنی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی و پەرلەمانی عێراقیش لە هەوڵی ئەوە دایە خوێندنەوەی دووەم بۆ یاساکە بکات.

نور مەرسومی

 

عێراق- ڕۆژی ٤ی ئاب، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ کرد. بە بڕوای شارەزایان، ئەگەر ئەم یاسایە هەمووار بکرێتەوە، تائیفەگەری قووڵتر دەبێتەوە و مافی ژنان و منداڵان زیاتر پێشێل دەکرێن، هەروەها لەگەڵ ئەم هەمووارکردنەدا مافی دایکایەتی و میرات لە ژنان دەسەندرێتەوە لە کاتی جیابوونەوەی ژن و مێرددا، بەڵام خراپترین شت ئەوەیە کە ئەم یاسایە ڕێگا بۆ هاوسەرگیری منداڵی ٩ ساڵان دەکاتەوە.

 

ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە زیادبووندایە، هاوپەیمانی ١٨٨ لە ڕێگەی چالاکییەکانیەوە یاسای باری کەسێتی دەپارێزێت و ڕێگری لە هەمووارکردنەوەی یاساکە دەکات، ئەم هاوپەیمانییە لە سەرەتای مانگی ئابەوە دەستیکرد بە ڕێکخستنی چالاکیی کۆمەڵایەتی و ئاشتیانە لە بەغدا و شارەکانی دیکە، نوێنەرەکانی لەگەڵ سەرکردایەتی وەزیر و ئەنجومەنی دادگای باڵا و هێزە سیاسییە جیاجیاکان و هەروەها ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و گروپە سیاسییەکان بە نوێنەرایەتی لیژنە جیاجیاکانی پەرلەمان کۆبوونەتەوە، ئامانجیان لەم کۆبوونەوانەدا ئەوە بوو کە بۆچوونی خۆیان بۆ ڕەتکردنەوەی گۆڕینی یاساکە نیشان بدەن.

 

جێی ئاماژەیە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوەی فەرمی خۆی بۆ خوێندنەوەی دووەم بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە دواخست، هەروەها هێزە سیاسییەکان پێداگرن لەسەر ئەوەی لە کۆبوونەوەکانی دیکەدا خوێندنەوەی دووەمی هەمووارەکە بخەنە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە.

 

"ئێمە هەنگاو دەنێین بۆ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک لە یاساکەدا نەکرێت"

ئەنسام سلێمان، سەرۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و گەشەپێدانی بەردەوام، وتی: ئێمە بە هاوپەیمانی ١٨٨ دەستمان بە  چالاکییەکانمان کرد، سەردانی مەیدانیمان بۆ لای ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامدا. ئێمە دەپرسین ئایا ئەم  یاسایەی ئێستا یاسایەکی جددی نییە و بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی عێراق ساڵانێک لەمەوبەر واژۆ نەکراوە؟ خێرایی گۆڕینی ئەم یاسایە و مەبەستەکانی پشتەوەی گومانمان بۆ دروستدەکات، خوێندنەوەی یەکەم تەڵە و نادەستوورییە، ئێمە ڕەتکردنەوەی خۆمان خستۆتە ڕوو، خوێندنەوەی دووەم بەبێ ئەوەی ئەنجامی خوێندنەوەی یەکەم بزانرێت کۆتایی هات، ئێمە لە ڕێگەی پەیوەندییەوە بەردەوامین لە فشارەکانمان. سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین و خۆپیشاندان ڕێکدەخەین، ئێمە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دەدەین و پێداگرین لەسەر دیدگاکانمان و نامانەوێت یاسای باری کەسێتی بگۆڕدرێت.

 

"هەمووارکردنەوەی ئەم یاسایە دژی مافەکانی ژنانە"

مەروە عەبدولرەزا، ئەندامی هاوپەیمانی ١٨٨ وتی: ئومێدمان لە دادگای یەکگرتوویی هەیە، چونکە بڕیارەکە لەسەر زیاتر لە ٢٠ دۆسیە دراوە، گۆڕینی یاسای ئێستا ڕەتدەکەینەوە، ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەم گۆڕانکارییە دەکەین وەک هاوپەیمانی ١٨٨، چونکە هیچ یاسایەک نییە بۆ ڕێکخستنی بارودۆخی کەسێتی و ژیانی خێزانە عێراقییەکان، مەبەست لە جێبەجێکردنی ئەم گۆڕانکارییە شکاندنی ئیرادەی ژنانە و دژی مافەکانی ژنان و دیموکراسییە.