ژنانی کۆچبەری عەفرین: لە دژی پێشێلکارییەکان دەوەستینەوە
ژنانی کۆچبەری عەفرین کە لە کانتۆنی شەهبا نیشتەجێن، پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایان دژی ژنان لە گوندی کاخر لە عەفرینی داگیرکراو شەرمەزار کرد و داوایان کرد، تاوانباران سزا بدرێن.
ڕووبارین بەکر
شەهبا- گروپی چەتەکانی ئیمشات سەر بە "مەزهەبی سلێمان شا" گەمارۆی گوندی کاخر لە ناوچەی ماباتایەی عەفرینیان دا. ژنانی ئەو گوندە ناڕەزایەتییان بەرامبەر بەم گەمارۆیە دەربڕی و بڕیاری کۆتایی گروپەکەیان ڕەتکردەوە، کە تێیدا هاتووە بۆ هەر دار زەیتونێک ٨ دۆلار وەک باج دەدرێت.
دژی ئەم ناڕەزایەتیانە، ئەندامانی چەتەکان بە چەک هێرشیان کردە سەر ژنە خۆپیشاندەران و دەرچوونیان لە گوندەکە قەدەغە کرد.
"تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین"
هاجەر حسێن، ژنێکی خەڵکی شەهبا دەڵێت: هەرچەندە عەفرین ماوەی ٦ ساڵە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانیەوە داگیرکراوە، بەڵام هەوڵدەدەن عەفرین بەتەواوی لە گەلە ڕەسەنەکەی بەتاڵ بکەنەوە، مەبەست لەم پێشێلکاریانە لەناوبردنی ناسنامەی کورد و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەیە، هەروەها باج کۆدەکەنەوە.
"ئێمە لەسەر خاکێکی پڕ لە شەرەف و بەرخۆدان، بەرخۆدان دەکەین"
لە درێژەی قسەکانیدا، هاجەر حسێن دووپاتی کردەوە کە خەڵکی عەفرین تەنیا نین و وتی: ئەگەر ئامانجمان یەک بێت، بەرخۆدانیشمان یەک دەبێت، ئەوان لە عەفرین بەرخۆدانی دەکەن و ئێـمەیش لە سەر خاکی خۆمان کە پڕە لە بەرخۆدانی و کەرامەت، بەرخۆدان دەکەین. ڕاستە ئێمە لە شەهباین، بەڵام دڵمان لە عەفرین لێدەدات.
سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی باج لەسەر دارە زەیتونەکان، هاجەر حسێن وتی: لەگەڵ هاتنی وەرزی زەیتون، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و گروپە چەتەکان لە ناوچەی شیێ و گوندی کاخر بڕیاریاندا کە هەمووان باجێک بدەن بۆ هەر دار زەیتونێک، دانیشتوانیش بە خۆپێشاندانێک ڕەتیانکردەوە، چەتەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و ئەشکەنجەیان دا.
هەروەها ڕایگەیاند کە ئەو پێشێلکاریانە قبوڵ ناکەن و درێژەی دا: ڕێگە نادەین گەلەکەمان ڕووبەڕووی ئەو سیاسەتە دڕندانە ببێتەوە.
"ئامانجیان گۆڕینی دیمۆگرافیایە"
زەکیە یوسف، یەکێک لە ژنانی کۆچبەری عەفرین وتی: لەو کاتەی عەفرین داگیرکرا تا ئێستا دانیشتوانەکەی ڕووبەڕووی پێشێلکاری بوونەتەوە، ئەمەش پێچەوانەی یاسا و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانە. دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ڕێگەی کردەوەکانیەوە ئاستی دڕندەیی خۆی لە دژی هەرێمەکەمان و ئیرادەی ئێمە سەلماندووە، دیارە کە بوونی گەلی کورد و ئەو گروپانەی دەیانەوێت لەسەر ڕێگای دیموکراسی و برایەتی گەل بڕۆن، زەحمەت دەکات، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەرامبەر سروشتی عەفرینیش شەڕ دەکات، ئێمە لە پشتی گەلەکەمانەوەین لە عەفرین بەردەوام دەبین لە بەرخۆدانمان لە دژی دڕندەیی دەوڵەتی تورکیا.
"ئێمە خاکەکەمان لە دەستی دوژمنی دڕندە ڕزگار دەکەین"
سوهەیلا شێخ ئەحمەد ئەو کردەوانەی لە عەفرینی داگیرکراو دەکرێن، سەرکۆنە کرد و وتی: ژنانی ئەوێ ڕووبەڕووی هەموو جۆرە پێشێلکارییەک دەبنەوە، ئێستاش چارەنووسی زۆرێک لە ژنان ڕوون نییە، ئێمە وەک ژنانی عەفرین ناهێڵین هەرێمەکەمان بە داگیرکراوی بمێنێتەوە، ئێمە هەڕێمی خۆمان ڕزگار دەکەین، پێویستە ژنان هەستنەوە و پشتگیری ژنانی عەفرین بکەن، پێویستە ژنان یەکڕێز بن.