دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ خوێندنەوەی دووەمی یاسای باری كەسێتی دواخرا

بە پێی کارنامەی پەرلەمانی عێراق، دوێنێ بڕیار بوو خوێندنەوەی دووەم بۆ هەموواری یاسای باری كەسێتی بكرێت، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی ڕێژەی تەواوی پەرلەمانتاران بۆ کارێکی نادیار دواخرا.

ناوەندی هەواڵ

 

بە پێی کارنامەی پەرلەمانی عێراق، دوێنێ بڕیار بوو خوێندنەوەی دووەم بۆ هەموواری یاسای باری كەسێتی بكرێت، بەڵام بەشێك لە پەرلەمانتارانی سوننە و شیعە و پەرلەمانتارانی كورد دژی ئەو هەموواركردنەوەیە بوون و نەچوونە هۆڵی پەرلەمانەوە.

 

ئامادەنەبوونی بەشێک لە پەرلەمانتارانی سوننە و شێعە و کورد، لە دانیشتنەکەی دوێنێی پەرلەماندا کە تیایدا خوێندنەوەی دووەم بۆ هەموواری یاسای باری کەسێتی ژمارەی ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ دەکرا، ڕێژەی یاسایی كۆبوونەوەكەی تەواو نەكرد و دانیشتنەكە دواخرا بۆ كاتێكی نادیار.

 

ماوەی دوو مانگیشە دژی هەموواری یاسایی باری كەسێتی شەقامی عێراق پڕ بووە لە جموجۆڵ و دەنگی ناڕازیی و ڕێكخراوەكان دەیان جۆر چالاكییان ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی كۆدەنگی دروست بكەن و ڕێگەنەدەن هەمووارەكە پەسەند بكرێت، هاوکات لە هەرێمی کوردستانیش ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژنان و چالاکوانان هەمووارەکە بە مەترسی دەزانن و دەنگی ناڕەزایەتییان بەرز کردووەتەوە.

 

جێی ئاماژەیە هەمووارەكە هاوسەرگیریی كاتی ڕێگەپێدراو دەکات و ڕێگە بە کچانی تەمەن نۆ ساڵ دەدات هاوسەرگیرییان پێبکرێت، مافی بەخێوكردنی منداڵیش دەدرێت بە باوك، هەروەها پێشەكی و كۆتایی مارەیی لە هاوسەرگیرییدا هەڵگیرێت لەگەڵ چەندین بڕگەی دیكە، كە وا دەكات مەزهەبی جەعفەری لە یاساكەدا زاڵ بێت.

 

بەشێكی زۆر لە پەرلەمانتارانی شیعە پاڵپشتی هەموواركردنەوەی ئەو یاسایە دەكەن، لە مانگی ڕابردوودا خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەمووارەكە كرا، ئەو پەرلەمانتارە شیعانە دەڵێن: دەنگدان بە هەموواری یاسایی باری كەسی ئەركێكی شەرعی و ئەخلاقییە.