بەهۆی پێشێلکارییە بەردەوامەکانەوە ژنێک لە ئیدلب کوژرا

لە تاوانێکی کارەساتباردا، پیاوێک لە شاری ئیدلب کە داگیرکەری تورکیا داگیری کردووە، ژنەکەی خۆی دەکوژێت.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی بەردەوامی پشێوی ئەمنی لە ناوچە داگیرکراوەکانی داگیرکەری تورکیا و بەکرێگیراوانی، ژنانی ئیدلب تووشی چەندین پێشێلکاری و توندوتیژی دەبنەوە، لەوانەش کوشتن.

 

ئەمڕۆ، ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ هەواڵی کوشتنی ژنێکی لە کامپی 'ڕەیان بەدر حەسەن' لە باکووری ئیدلیبی داگیرکراو بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ژنەکە دوای لێدانی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە شتێکی تیژ گیانی لەدەستداوە.

 

ڕێژەی توندوتیژی و تاوان و ڕووداوی کوشتن دژی ژنان لەو ناوچانەی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی داگیریان کردووە لە زیادبووندایە، ئەمە جگە لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و تاوانی ئەشکەنجەدان و گرتن و لەسێدارەدان، هەروەها دەستبەسەرداگرتنی خانووبەرە و موڵکی خەڵک.

 

سەرچاوەکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٥٠ ڕووداوی تۆمار کردووە کە بەهۆی نەبوونی ئەمنی لە ناوچەکەدا ڕوویان داوە، ئەم ئامانج و ڕووداوانە بوونەتە هۆی کوژرانی ٤١ کەس و برینداربوونی ٦٥ کەسی دیکە.