تاژێ ئەنجامی کۆنفرانسی ژنانی عێراقی ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد
تاژێ ئەنجامی سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی عێراق، کە بە ئامانجی ناساندنی کۆمەڵکوژی شەنگال بەڕێوەچوو، بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی نارد.

ناوەندی هەواڵ
لە ٢٥ی تەمموزدا تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی تاژێ و ژنانی عێراق بە دروشمی “بە خەباتی هاوبەشمان دەبینە دەنگی پاراستنی ژنان لە جینۆساید” سێهەمین کۆنفرانسیان ساز کرد، دوێنێ تاژێ دەرەنجام و ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسەکەی ئاراستەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد.
جێی ئاماژەیە لە کۆتایی کۆنفرانسی ژنانی عێراقدا و لە ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکەدا، ژنان داوایان لە حکومەت کرد کە بە فەرمی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ وەک جینۆسایدێک لە دژی کۆمەڵگەی ئێزدی بناسێت و ئەو وڵات و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییانەی کە بە فەرمی دانیان بە جینۆسایددا ناوە، داوایان لێکرا کە هەنگاو بنێن بۆ لێپێچینەوە داعش و هاوبەشەکانی کە بەرپرسیارن لە تاوانەکانی جینۆساید.
لە ئەنجامەکەدا کە بۆ سودانی نێردراوە، داوا لە حکومەتی عێراق کراوە کە هەنگاو بۆ دیاریکردنی چارەنووسی نزیکەی ٧ هەزار ئێزدی و سێ هەزار و ٥٠٤ ژن و ٨٦٩ پیاو و منداڵێکی زۆر، کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ڕفێنراون و هەزاران ژن و منداڵی ئێزدی بنێت.
هەروەها داوا کرا کە ئاسمانی شەنگال دابخرێت و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، کە لە ساڵی ٢٠١٧ەوە ١٠٠ جار بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تۆپبارانی شەنگالی کردووە و کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە، ڕابگیرێت. هەروەها داوا کرا بەپێی دەستووری عێراق بە فەرمی دانپێدانانی ئیدارەی خۆبەخۆی شنگال بکرێت.
هاوکات لە کۆتاییدا پێشنیاری گۆڕینی یاسای باری کەسیی عێراق ڕەتکرایەوە و ڕاگەیەندرا کە ئەم گۆڕانکارییە ڕەنگە عێراق بکاتە دەوڵەتێکی تائیفی و ئایینی.