دەوڵەتی تورکیا ٧ هاوڵاتیى دیکەى کوردی دەستگیر کرد
لە چوارچێوەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، پۆلیسی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە تۆمەتی ئەنجامدانی هەڵپەركێ بە گۆرانی کوردی هەڵیانکوتایە سەر ماڵان و حەوت کوردیان دەستگیر کرد.

ناوەندی هەواڵ
دەوڵەتی داگیرکەری تورک، هەموو ڕێ و ڕێبازێک بۆ لەناوبردنی کوردان بەکاردەهێنێت، لە ئێستاشدا دەستی کردووە بە هەڵمەتێکی دەستبەسەرکردنی ئەو کوردانەی کە گۆرانی کوردی هەڵپەركێ ئەنجامدەدەن و تا ئێستاش نزیکەی ٢٥ هاوڵاتى کوردی بەوهۆیەوە دەستگیر کردووە.
لە درێژەی هەڵمەتەکانیاندا ئەمڕۆ لە ناوچەی پیرانی ئامەدی باکووری کوردستان، پۆلیسی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیە، هەڵیکوتایە سەر ماڵان و ژمارەیەک هاوڵاتیى کوردی دەستگیر کرد، لە ئەنجامی هەڵکوتانەکەدا حەوت کوردی دەستگیر کران و لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پیران زیندانی کراون.
بە پێی زانیارییەکان ئەو کەسانەی دەستگیرکراون تۆمەتی ئەنجامدانی هەڵپەركێ بە گۆرانی کوردیان لەسەرە.