كۆیە، پێشەنگایەكی تایبەت بە كاری دەستیی ژنان كرایەوە
پێشەنگایەکی کاری دەستی ژنان لە شاری کۆیە کرایەوە، تیایدا كاری دەستیی و خواردن و كەلوپەلەكانیان بە بازاڕی دەکەن.
کۆیە
دوێنێ لە باخچەی ڕیحانە لە شاری کۆیە، ڕێکخراوی ئۆسكار بۆ پەرەپێدانی تواناكانی ژنان بە هاوكاری ستافی گاردن كافێ، پێشەنگایەكی تایبەتی بە بازاڕكردنی كاری دەستی بۆ چەند ژنێك كردەوە، كە تیایدا كاری دەستیی و خواردن و كەلوپەلەكانیان نمایش كرد.
ئارا دایکی هاوکاری سەرەکییەتی
ئارا هەردی، بچوكترین بەشداربووی پێشانگاكەیە و بە ئێكسسوارات بەشداری كردووە، دەربارەی كارەكانی وتی: تەمەنم ١٣ ساڵە و پۆلی نۆی ناوەندیم، خاوەنی "ئارا هاند ماید"م، کارەکانم زیاتر لە جوانکاری سەر جلی کوردی خۆی دەبینێتەوە، هەروەها ئەو جوانکارییانەش دروست دەکەن کە ڕۆژانە دەتوانرێت بەكاری بهێنین، سەرەتا ساڵێك تەنیا كارم لەسەر شێواز و بابەتەكان كرد، كە چۆن كاریان لەسەر بكەم و چۆن پارچەی ئەسڵی وعادی جیا بكەمەوە و چۆن شتی كوالێتی بەرز دروستبكەم.
ئارا هەردی ئاماژەی بەوەشدا كە دایكی هاوكاری سەرەكییەتی و لە ئێستادا لە ڕێگەی ئینستاگرامەوە شتەكانی بە بازاڕ دەكات و دەیانفرۆشێت، وتیشی: هەندێکجار لە ڕێگەی پێشەنگاكانەوە شتەكانمان ساغ دەكەینەوە، دەشمەوێت کارەکەم گەورە بكەم و ببێت بە براندێكی جیهانی، كە كچێكی كورد بەڕێوەی دەبات، زۆر دڵخۆشم كە دەبینم كەسانێك دیزاینەكانی منیان هەڵبژاردووە، من ئامۆژگاری كچانی شارەكەم دەكەم، كە ئەو بەهرەی هەیانە بیخەنەڕوو، ئەگەرچی شتێكی بچووكیش بێت.
ڕووناك سەڵاحەدین سەرۆكی ڕێکخراوی ئۆسكار، كە ڕێكخراوێكی سەربەخۆی ژنانە لە شاری كۆیە، وتی: بۆ پەرەپێدانی تواناكانی ژنان چالاكی ئەمڕۆمان بریتییە لە بە بازاڕكردنی كاری دەستیی ژنەكانی ڕێكخراوەكەمان، كە چەندین كاری دەستی جۆراوجۆریان هەیە و خواردنیش دروست دەكەن، بەهۆی ئەوەی وەرزی هاوینە، كاتی پێشەنگاكە چوار كاتژمێرە، بەڵام لە وەرزەكانی دیكەدا لە بەیانی تا ئێوارەیە و ئەوەندەی پێمان بكرێت و لە هەرشوێنێك بتوانین خزمەتێك بە ژنان بگەیەنین، ئێمە ئامادەین.
سەمیرە یاسین، بەرپرسی پڕۆژەكانی ڕێكخراوی ئۆسكار، دەربارەی كارەكانیان وتی: ڕێكخراوی ئۆسكار لە ٢٠١٦ەوە دامەزراوە و نزیكەی ٣٠٠ ئەنداممان هەیە و ئامانجمان خزمەتی ژنانە لە سنوورەكە، بۆیە ئێمە بەردەوام پیشەنگایان بۆ دەكەینەوە و بەشداری فێستیڤاڵەكان دەكەین و گەشت بە ئەندامەكانمان دەكەین، خول و سمیناریان بۆ دەكەینەوە.
سەمیرە یاسین دەشڵێت: ئێمە كارەكانمان خۆبەخشانەیە و ئامانجمان خزمەتكردنی ژنانە، بۆیە زۆركات گەشتیان بۆ دەڕەخسێنین تا دەرەوەی كۆیە و وڵاتانی دیکەش بگەڕێن، ژنان بەم گەشتانە هەست بە خۆشی و ئارامی دەروونی دەكەن، ئەگەرچی تا ئیستا جێگایەكی تایبەت بە خۆمانمان نییە، ئەوەش گرفتە بۆ ئێمە، چونكە مەبەستمانە جێگایەكی تایبەت بە خۆمان هەبێت و بتوانین كار و چالاكی زیاتر و فراوانتر ئەنجام بدەین.