ژنێکی کورد لە هەڵدانی موشەک بۆ بۆشایی ئاسمان بەشداری دەکات

تاوین پیران وەک ژنێکی کورد بەشداری لە هەڵدانی موشەکێک بۆ بۆشایی ئاسمان دەکات و هەوڵ دەدات بۆ جیهانی بسەلمێنێت کە ژن دەتوانێت لەو بوارەدا کار بکات.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەڵمانیا و فەرەنسا بە هاوبەشی لەڕێگەی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەوروپا 'ESA'، موشەکی ئاریان-٦ یان بۆ بۆشایی ئاسمان هەڵدا، موشەکەکە درێژییەکی ٥٦ مەتر بووە و بە سەرکەوتویی گەیشتوەتە شوێنی مەبەست.

 

لە هەڵدانی ئەو موشەکە بۆ بۆشایی ئاسمان ژنە ئەندازیارێکی کورد بە ناوی 'تاوین پیران' بەشداری کرد، کە پڕۆژەی هاوبەشی دو وڵاتی ئەوروپییە و دەڵێت: هیوادارم ببمە نمونەیەکی باش بۆ ژنانی دیکەی کورد و بیسەلمێنم ژنانیش دەتوانن لەو بوارەدا کار بکەن.

 

تاوین پیران، بە ڕەچەڵەک خەڵکی مهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ساڵی ١٩٩٤ لە شاری بۆنی ئەڵمانیا لەدایکبووە، کۆلێژی ئەندازیاری میکانیکی لە زانکۆی ئاخن لە ئەڵمانیا تەواوکردوە و دواتر ماستەری لە زانستی بۆشایی ئاسمان بەدەستهێناوە.

 

تاوین وەک بەرپرسی بەشی سیستمی موشەکەکە بەشدارە لە هەڵدانی بۆ بۆشایی ئاسمان و دەڵێت: هیوادارم ژنانی کورد خۆیان بەرەوپێش ببەن و هەموو کارێک بێ جیاوازی ڕەگەزی دەتوانن ئەنجامی بدەن بێ گوێدانە ئەوەی لەچ کۆمەڵگەیەک گەورە بویت.

 

تاوین پیران هیوای ئەوەی هەیە لە داهاتوودا بەشداری پڕۆژەیەکی کوردی بکات بۆ بۆشایی ئاسمان و شانازی دەکات بەو کارەوە، وەک باسی لێوە دەکات هەوڵ دەدات لە ڕێگەی کارەکەیەوە بۆ تەواوی ئەو کەسانەی بسەلمێنێت ژن خاوەن توانایە کە تا ئێستا بە فکری کۆن و ئەقڵیەتی پیاوسالاری بیردەکەنەوە.