پێکهاتەکانی شۆڕشی ژنان: ئێمە ئاگاداری شۆڕشەکەمان دەبین

ژنان ساڵیادی شۆڕشی ١٩ی تەمووزی ڕۆژئاوای کوردستانیان بەرز ڕاگرت و ئاماژەیان بەوە کرد کە سیستمێکی دیموکراسی و هاوبەش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دامەزرا و هەتا کۆتایی بەرگری لە شۆڕشەکەیان دەکەن.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- شۆڕشی ژنان کە لە ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢ لە شاری کۆبانێ دەستیپێکرد و بە هەموو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا بڵاوبووەوە، نەک هەر گۆڕانکارییەکی مێژوویی بوو بۆ چارەنووسی گەلی کورد، بەڵکو بوو بە ڕێگەی ڕزگاربوونی ناوچە جیاوزەکان.

 

باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە فرەچەشنی و کولتوورە دەوڵەمەندەکانی لە زۆر ناوچە و وڵات جیاوازە، لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاواوە لە ١٩ی تەمموزەوە، هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕووی فرەچەشنی کولتووری و بەرەنگاری ڕەگەزپەرستی بووەتە و بووە بە نموونە بۆ جیهان.

 

"لە بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ دەستمان پێکرد"

سومەیە محەمەد، هونەرمەند. هاوسەرۆکی بزووتنەوەی فەرهەنگ و هونەری دیموکراتی میزۆپۆتامیا لە سەرتاسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، پیرۆزبایی شۆڕشی ١٩ی تەمووزی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان کرد و وتی: بە هێز و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ ئێمە ئەمڕۆ لە سەر پێ وەستاوین، هێشتا ژنانی گرووپەکانی دیکەی وەک عەرەب، سریانی، ئاشووری، چەرکەسی و تورکمان لە سەرەتای شۆڕش دەسەڵاتیان نەبوو کە ژنان دەستیان کرد بە شۆڕش، لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، هەموو ژنان بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد بەشدارییان کرد بە دڵنیاییەوە شۆڕشێکی ژنان بوو.

 

سومەیە محەمەد باسی لەوەشکرد، زۆر تێکۆشانیان کردووە بۆ کۆکردنەوەی لایەنە جیاوازەکان، لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: بەتایبەت لە بواری ڕۆشنبیری و هونەردا، سەختییەکی زۆرمان هەبوو تا هەموو لایەنەکانمان کۆکردەوە، لە سایەی شەهیدان و بەتایبەتی شەهیدانی ژن، گەیشتوینەتە ئەم ڕۆژە بۆ بنیاتنانی ژیانێکی هاوبەش، ئەو ژنانەی پێشتر نەیاندەتوانی بە ئاسانی بۆچوونەکانیان دەرببڕن، ئێستا بوونەتە بەڕێوەبەر، نووسەر، هونەرمەند و ئەکتەر.

 

"ئێمە خاوەن شۆڕشی خۆمانین"

سومەیە محەمەد، سەرنجی بۆ هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاکێشا بەمەبەستی شکستپێهێنانی شۆڕشی ژنان و لە کۆتاییدا وتی: وەک دەزانرێت دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر ناوچەکەمان و داگیرکەری وڵاتەکەمان بۆ شکستپێهێنانی ئەم شۆڕشە دەکات، سەرەڕای هێرشەکان هەمیشە لەسەر پێی خۆمان دەبین و ئاگاداری هەموو ژنان دەبین، چونکە ئەمە ئەرکی ئێمەیە، وە داوا لە هەموو ژنانی کوردستان دەکەین بۆ مافەکانیان تێبکۆشن.

 

"کولتوورەکانی ناوچەکەمان دەوڵەمەندن"

مونا خیلەوی، بەڕێوەبەری ناوەندی ڕۆشنبیری ناحیەی تل حەمیس سەر بە قامیشلۆ لە کانتۆنی جەزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە ژنێکی عەرەبە، باس لەوە دەکات شۆڕشی ١٩ی تەمموز لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستکەوتی زۆری بۆ ژنان هێنا و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ئەو شۆڕشە دەرفەتی بەشداریکردنی ژنانی لە بواری سیاسی، ڕۆشنبیری، ئابووری، پەروەردەییدا زیادکرد، لە هەمان کاتدا دەرفەتی ئەوەی بە ژنان دا کە داوای مافەکانیان بکەن و پارێزگاری لە مافەکانیان بکەن.

 

شەڕی دژی ڕەگەزپەرستی

گۆڕانکاری ئەرێنی ڕوویداوە، با باسی شەڕی ڕەگەزپەرستی بکەین. پێش شۆڕشی ١٩ی تەمموز، بەڕاستی جیاوازی ڕەگەزی هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ یەکسانی هەیە، چ لە نێوان پێکهاتەکان و چ لە نێوان هەردوو ڕەگەزدا بێت، ئێمە پێمان خۆشە بە زمانی کۆمەڵگەکانی دیکە قسە بکەین بۆ ئەوەی کولتوورەکەیان بناسین.

 

ژنانی پێشەنگ

مێگری سەرکیس، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمەڵایەتی ئەرمەنستان، خەڵکی شاری قامیشلۆی سەر بە کانتۆنی جەزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕایگەیاند کە پێش شۆڕش ژنان نەیانتوانی خۆیان بپارێزن، چونکە ئازادییەکی تەواویان نەبووە بۆ کارکردن، مافی ژنان بۆ درێژەدان بە خوێندن لەسەر بنەمای بڕیار و ئارەزووی خۆیان نەبووە، نەیانتوانیووە قسە بکەن و بۆچوونی خۆیان دەربارەی ژیان و داهاتوویان دەرببڕن، ئێستا ژن بووەتە سەرکردەی کۆمەڵگە، چونکە ئەم شۆڕشە هی ژنانە، ژنان سەرکردایەتی دەکەن.

 

"ئێمە باشتر یەکتر دەناسین"

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی سیاسەتە ستەمکارەکانی ڕابردوو، ئاگاداری ئەو هەمەجۆرییە گەورەیەی دەوروبەریان نەبوون و وتی: ئێمە ئەو کولتوور و ئایینانەی دیکەمان نەدەناسی لە کاتێکدا لە هەمان جوگرافیادا دەژیاین، دوای دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک، ڕێزی زیاتر لە نێوان ئایینەکاندا هەبوو، پێشتر دراوسێ سڵاویان لە دراوسێکانیان لە ئایین و مەزهەبی جیاوازەوە نەدەکرد، بەڵام ئێستا گەشەسەندنێکی زۆر هەیە، ئێستا بنەما بۆ ئێمە ژیانی هاوبەشە، پێکەوە کار دەکەین و ڕێز لە یەکتر دەگرین.