سەرەڕای هێرشەکان شارەوانی تل تەمر کار بۆ خزمەتێکی باشتر دەکات

پڕۆژەکانی شارەوانی گەلی تل تەمر بۆ ساڵی ٢٠٢٤ لەلایەن یەکێتی شارەوانیەکانەوە پەسەند کراون، لەناو ١٠ پڕۆژەدا پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگاوبان و پرد و هێڵی ئاگر کوژێنەوە و هەڵکەندنی دوو بیری ئاو هەیە.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- ١٠ پڕۆژەی خزمەتگوزاری کە خزمەت بە کۆمەڵگە دەکەن کە لەلایەن شارەوانی گەلی تل تەمر لە کانتۆنی جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ ساڵی ٢٠٢٤ پێشنیار کرابوون، لەلایەن یەکێتی شارەوانیەکانەوە پەسەند کران، ئەمساڵ شارەوانی گەلی تل تەمر بایەخی بە بەشی خزمەتگوزاری و پڕۆژەی بیناسازی و نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبان و پرد و کەناڵی ئاو و هتد دا، بۆیە ئەو ١٠ پڕۆژەیەی ئەمساڵ جێبەجێ دەکرێن، هەندێک چارەسەر دەبن بۆ کێشەکانی کۆمەڵگە، لە داهاتووشدا ئەو پڕۆژانەی دیکەی کە پەسەند کراون، دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام کاتی تەواوبوونی ئەو پڕۆژانە دیاری نەکراوە.

 

نور محەمەد، ئەندازیار لە بەشی هونەری شارەوانی گەل، لە بارەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ ساڵی ٢٠٢٤ وتی: بۆ ئەمساڵ کار لەسەر ١٠ پڕۆژە دەکەین کە خزمەت بە کۆمەڵگە و پێداویستییە سەرەکییەکانیان دەکات، پڕۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی ڕێگاوبان لە سێ گوند بە بەردی سپی و دروستکردنی پردێک لە نێوان گوندی بنجا و باب ئەلخێر کە لە هێڵی ئاگردان، دروستکردنی ڕێگاوبان لە گوندەکانی چیای قەزوان، دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی کەناڵی ئاو لە گوندی ئوب ئەلتینا و پشتێنەی ڕێگای تل تەمر، کۆمەڵگەی شەهید ئەرگەش و کۆمەڵگەی شەهید ئیبراهیم لە شارەکە پێکدەهێنن، هەروەها لەناو پڕۆژەکاندا هەڵکەندنی دوو بیری ئاو له گوندی تل ئەربوش هەیه، بەم پڕۆژەیە دەتوانین ئەو قەیرانی ئاوە کەم بکەینەوە کە بارگرانی لەسەر کۆمەڵگەی ناوچەکە دروستکردووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمساڵ گرنگی بە دروستکردنی ڕێگاوبان و پردەکان دەدەن لە گوندەکانی هێڵی ئاگردا، کە ڕۆژانە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە هێرشیان دەکرێتە سەر، لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: ئەمساڵ ئەو ڕێگا و پردانەی کە دوو گوندەکە بەیەکەوە دەبەستنەوە بەسەر هێڵەکانی ئاگردا دروست دەکرێن و نۆژەن دەکرێنەوە، بەتایبەتی نێوان تل تەمر- زرگان، سەرەڕای هێرش و دۆخی ئەمنییش کە مەترسیدارە، دیسانەوە ئەو پڕۆژانەی پلانمان بۆ دانابوو جێبەجێی دەکەین، پێداویستییەکانی خەڵکی مەدەنی دابین دەکەین کە بەهۆی هێرشی ئاسمانی و تۆپبارانەوە زیانیان بەرکەوتووە، لە هەمان کاتدا دەتوانین کێشەی دابینکردنی ئاو بۆ ئەو گوندانە چارەسەر بکەین.