لە شیلادزێ و ئامێدی دژی سوپای تورکیا خۆپیشاندان دەستیپێکرد
لە ئامێدى و شیلادزێی دهۆک دژى داگیرکارییەکانى دەوڵەتى تورک خۆپیشاندان دەستپێکرد و لە ئێستاشدا ڕێگاى سەرەکى نێوان دێرەلوک و ئامێدی داخراوە.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ١٥ی حوزەیران، دهوڵهتی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی لە باشووری کوردستان لە ناوچەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین دەستپێکرد، لە هەمان کاتدا هێزێكی سەربازی گەورەی هێناوهته باشووری کوردستان و لە لەشکرکێشیش بەردەوامە، بەدەر لە ئاگرکەوتنەوە لە چیاو دارستانەکانی ئامێدی بەهۆی بۆردمانەوە کە بووەتە هۆی تێکدانی ژینگەی ناوچەکە، دانیشتووانی چەند گوندێکیش گوندەکانیان چۆڵ کردووەو ناتوانن بچنە زەوییە کشتوکاڵییەکانیانەوە.
بەپێی زانیارییەکان دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەو سنوورە بازگەی داناوەو داوای ناسنامە لە هاوڵاتیان دەکات، هاوکات بە خاکی خۆی دەزانێت و لەسەر دیوارێکی کۆنکرێتی بە عەرەبی نووسراوە "هاتنە ناو خاکی تورکیا قەدەغەیە".
لە بەرامبەر ئەم داگیرکارییە کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە، حکومەتی هەرێم و عێراق بێدەنگن و بەمەش ڕەوایەتییان داوە بە داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستان.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٠ی تەمووز، دانیشتووانی سنوورى ئامێدى و شیلادزێ لە سنوورى دهۆک خۆپیشاندانیان دەستپێکرد، لە ئێستاشدا خۆیشاندەران ڕێگای سەرەکی نێوان دێرەلووک و ئامێدیان داخستووە و داوای ڕاوەستاندنی داگیرکارییەکان دەکەن.
هەروەها بەشداربوانى خۆپیشاندانەکە داوا دەکەن، کە تۆپباران و بۆردوومانە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان بووەستێندرێت.
بەپێی ئامارێکی تیمی کوردستانی عێراقی سی پی تی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەزار و ٧٨ جار بۆردوومانی باشووری کوردستانی کردووە و بە هۆیەوە زیاتر لە ٢٠ هەزار دۆنم زەوی سووتاوە.