سزای لەسێدارەدان بۆ ئەسما فەوزی محەمەد بە تاوانی ڕفاندنی ژنانی ئێزیدی دەرکرا

ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى عێراق، ئەمڕۆ ١٠ی تەمووز لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، سزاى لەسێدارە دان بۆ ئەسما فەوزی محەمەد، هاوژینەکەی ئەبوبەکر بەغدادى دەرکراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ١٠ی تەمووز، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى عێراق ڕایگەیاند، دادگاى تاوانەکانى کەرخ، هاوژینی ئەبوبەکر بەغدادى بە لە سێدارەدان سزادا.

 

ئەو ئەنجومەنە ئاماژەی بەوەکردووە، تاوانى هاوژینەکەی ئەبوبەکر بەغدادى کارکردن بووە لەگەڵ رێکخراوى داعش، یەکێکى دیکە لەو تاوانانەى بەهۆیەوە سزادراوە هێشتنەوەی ژنانی کوردی ئێزدی بووە لە ماڵەکەى و ڕێگەگرتن بووە لێیان لەوەی بچنە دەرەوە، دواى ڕفاندنیان لە شەنگال.

 

سزاى لەسێدارەدانى ئەسما فەوزی محەممەد، هاوژینی یەکەمى ئەبوبەکر بەغدادی، بەناو خەلیفەی پێشووى ڕێکخراوى داعشە کە بە "ئوم حوزەیفە" ناسراوە، لەسەر بنەماى هەردوو یاسایى بنبڕکردنى تیرۆر و یاسای ژنانی ڕزگاربووى ئێزیدى بووە.