٧٠٪ـى توندوتیژییه خێزانیهكان دەروونیین و پیاوان زۆرترین توندتویژی ئەنجام دەدەن
بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی، سەروو ١٣ هەزار سکاڵای توندوتیژی خێزانی لە ساڵی ڕابردوودا تۆمار کراوە، دهشڵێت: ٧٠٪ـى جۆری توندوتیژییه خێزانیهكان دەروونیین و ههروهها ٧٠٪ـى حاڵهتهكانى توندوتیژییش هاوژینەکانیان ئهنجامى دهدات.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان، بە هاوکاری سندوقی نیشتمانى بۆ دیموکراسی NEDی ئەمریکی، لە ڕاپۆرتێکی تایبەت بە چاودێری جێبەجێكردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی بڵاوکردەوە.
ڕاپۆرتەکە چەند بەشێکی لەخۆگرتبوو، لەوانە بهشی تایبهت به ئاماری توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٣، ڕاپرسییەک دەربارەی یاساى بهرهنگاربوونهوهى توندوتیژی خێزانى، کێشە و گرفتەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاساى بهرهنگاربوونهوهى توندوتیژی خێزانى و هەروەها کۆمەڵێک پێشنیار و ڕاسپاردە تایبەت بە لایەنی پەیوەندیدار.
سەروو ١٣ هەزار سکڵای توندوتیژی خێزانی تۆمارکراوە
لە ڕاپۆرتەکە دا ئاماژە بە ئاماری بەرێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزانی هەرێم بەدرێژایی ساڵی ڕابردوو کرا، بەپێی ئامارەکە لهو ساڵهدا ١٣٤٨٩ سکاڵای خێزانی، ٩٠ حاڵەتی گێچەڵ و دەستدرێژی سێکسی تۆمارکراوە، هەروەها لە سەنتەری راوێژكاری خێزانییش ١٩٣٥ کەیس هەبووە.
لە ڕاپرسی ڕێکخراوەکەدا سەبارەت یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە هەرێم، چەندین پرسیاریان لە ههردوو رهگهز کردووە، سەرجەمیان دانیشتوی هەرێمی کوردستانن و تەمەنیان لەنێوان ١٦ بۆ ٦٠ساڵدایە.
پرسیار و دهرئەنجامی وهڵامهكانیش بهمشێوهیهی لایخوارهوهیه:
تاچەند هەبونی دادگای توندوتیژی خێزانی بە گرنگ دەزانیت؟
٢٠٪ـی بەشداربووان وتویانە هیچ، ٤٠٪ـیان وتویانە تاڕادەیەک و ٤٠٪ـی دیکەشیان وتویانە زۆر.
ئایا هەبونی لیژنەی ئاشتەوایی گرنگە بۆ كێشە خێزانیەكان؟
٩٠٪ـی بەشداربوان وتویانە بەڵێ و ١٠٪ـیان وتویانە نەخێر.
چ جۆرە توندوتیژیەک زیاترە لەنێو خێزانەكان دا؟
٧٠٪ـی بەشداربوان وتویانە دەروونی، ١٠٪ وتویانە جەستەیی و ٢٠٪ وتویانە دارایی.
ئایا رێكارەكانی لێكۆڵینەوە لە دادگاكان نهێنیە؟
٧٠٪ـی بەشداربوان وتویانە بەڵێ و ٣٠٪ وتویانە نەخێر.
زیاتر لەلایەن چ كەسێكەوە توندوتیژی ئەنجام دەدرێت لەنێو خێزان دا؟
٧٠٪ـی بەشداربوان وتویانە پیاوان، ٢٠٪ وتویانە ژن، ٤٪ وتویانە برا، ١٢٪ وتویانە دایک و باوک و ٤٪ وتویانە خوشک.
ئایا بوونی ماڵی داڵدەدان (شەڵتەرەكان) گرنگە سەبارەت بە كێشە خێزانیەكان؟
٧٢٪ وتویانە نەخێر و ٪٢٨ وتویانە بەڵێ.
لەكاتی توندوتیژی خێزانی چی دەكەن؟،
٥٠٪ـیان وتویانە بێدەنگ دەبم، ٢٠٪ وتویانە پەیوەندی بە رێكخراوەكانهوه دەكەم و ٣٠٪ـیان وتویانە سکاڵا تۆماردەکەم.
هەروەها ڕای بەشداربوانی راپرسیەکە وەرگیراوە، سەبارەت بەوەی چی بكرێت بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی لەنێو خێزان دا؟ لە وەڵام دا ئاماژە بەچەند خاڵێک کراوە، لەوانە: بڵاوکردنەوەی هۆشیاری یاسایی و کۆمەڵایەتی، ڕاگەیاندن لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان، مامۆستایانی ئاینی و بوونی سەنتەری ڕاوێژكاری خێزانی پێش پرۆسەی هاوسەرگیری بكرێت بە مەرج.
پێشنیاری جیاواز ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار کرا
لەبەشی دووەمی ڕاپۆرتەکە دا چەند پێشنیارێک ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کرا، کە بریتین لە كردنەوەی شەڵتەر لە ئیدارەی ڕاپەڕین، تایبەت بە پاراستنی ئەو كەسانەی كە ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە.
لایەنە پەیوەندیدارەكان و وەزارەتی ناوخۆ ڕۆڵی زیاتر ببینن لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لەسەر یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، هەمواركردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی بەجۆرێ سەرجەم كەموكورتیە یاساییەكان و لایەنەكانی جێبەجێكردنی چارەسەر بكات.
بۆ ڕێكخستنەوەی كاروباری لیژنەكانی ئاشتەوایی لەسەرجەم شارەكان هەوڵبدرێت بە جۆرێک یەک میكانزمی دیاریكراو و گشتگیری كاركردنیان هەبێت و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری زیاتر لەسەر یاساكە بە شێوەیەكی گشتی و بەتایبەت هەبێت.