لێکۆلینەوە: لە ماوەی ١٣ ساڵدا نیوەی دانیشتووانی ڕۆژئاوای کوردستان کۆچبەری دەرەکی و ناوەکی بوون

لە لێکۆڵینەوەیەکدا ئاشکرا کراوە لەماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە عەرەب و تورکمان براونەتە ڕۆژئاوای کوردستان کە مەبەست لێی کۆچپێکردنی گەلی ڕەسەنی ناوچەکەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژئاوای کوردستان کەبەهۆی داگیرکاری دەوڵەتی تورک و گەمارۆکانی حکومەتی شامەوە لەژێر هێرش و داگیرکارییدایە، سەرەڕای سووربوونی مانەوەی گەل، هێشتا ژمارەیەکیان ئاوارەو کۆچبەر بوون، دوژمنیش هەمیشە هەوڵ دەدات لە ناوچەکەدا سیاسەتی تەعریب و تەتریک جێبەجێ بکات.

 

ڕێكخراوی تواناسازیی لە ڕێگەی ئاوێتەكردنی مافەكانی مرۆڤ و پێكهاتەكان، لێكۆڵینەوەیەكی شیكاری لەبارەی كۆچكردن و تەعریب و تەتریک لە ڕۆژئاوای كوردستان ئامادە كردووە.


 بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، لە ١٣ ساڵی ڕابردوودا نزیكەی نیوەی دانیشتووانی ڕۆژئاوای كوردستان بەهۆی شەڕ و هەڕەشەكانەوە ئاوارە بوون، یان كۆچیان كردووە بۆ دەرەوەی وڵات.


 لەو لێكۆڵینەوەیەدا ژمارەی دانیشتووانی ڕۆژئاوای كوردستان لە ساڵی ٢٠١٠ واتە ساڵێك بەر لە دەستپێكردنی شەڕی ناوخۆی سووریا بە ساڵی ٢٠٢٣ بەراورد كراوە، بەپێی بەراوردكاریەكە ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتووانی ڕۆژئاوای كوردستان چوونەتە دەرەوەی وڵات، بەشێكیان ئاوارەی ناوچەكانی دیكەی ڕۆژئاوا بوون، هەروەها عەرەب و توركی زۆریش براونەتە ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان.