ڕێکخستنی ژنانی کورد لە مۆسکۆ بەشداری هەڵمەتەکانی ئازادی ڕێبەر و خۆپاراستنی ژنان دەکەن

ڕێکخستنی ژنانی کورد لە مۆسکۆ بە ڕاگەیەندراوێک ئاماژەیان بەوەکرد، بەشداری لە هەڵمەتەکانی کەژەکە و تاژێ دەکەن کە بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کوردو خۆپاراستنی ژنان دەستیپێکردووەو وتیان: بە ڕێکخستنی هەموو ژنانی جیهان، ئازادیی و سەرکەوتن مسۆگەر دەکەین.

ناوەندی هەواڵ

 

تەڤگەری ژنانی کوردی هەرێمی ئەسەنگ، ڕێکخراوی مەدەنی ئێزدیخان و ڕێکخراوی ژنانی ڤیان، دەربارەی هەڵمەتەکەی کەژەکە بە دروشمی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و پێگە بۆ کوردستان" و هەڵمەتی تاژێ بە دروشمی "دژی قڕکردنی ژنان، ببە دەنگی خۆپاراستن" لە بینای ماڵی کورد لە مۆسکۆ ڕاگەیەندراوێکیان خوێندەوەو ئاماژەیان بەوەکرد، بەشدارییەکی بەهێز دەکەن لە هەڵمەتەکەی کەژەکە و تاژێ.

 

دەنگ هەڵدەبڕن دژی قڕکردنی ژنان و بۆ لەناوبردنی فاشیزم تێدەکۆشن

ئەوەشیانخستەڕوو، بە هاوکاری نوێنەری نەتەوەکانی دیکە بەردەوام دەبن لە نامەناردن و کۆبوونەوە و ڕاگەیەندراو لەپێناو شکاندنی گۆشەگیریی و مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، هەروەها دەنگ هەڵدەبڕن دژی قڕکردنی ژنان و بۆ لەناوبردنی فاشیزم تێدەکۆشن، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئازادیی بژین و خۆیان بپارێزین، لە هەموو جێگەیەک خۆیان ڕێک دەخەن.

 

" پێویستە لە هەموو کات زیاتر ڕۆحی تێکۆشان بەهێزتر بکەین"

ڕێکخستنی ژنانی کورد لە مۆسکۆ تەشەنەسەندنی شەڕ و توندوتیژیی لە جیهاندا و داگیرکردنی کوردستان شەرمەزار دەکەن، بانگەواز لە ژنانی جیهان دەکەن بەرامبەر کارە قێزەونەکانی فاشیزم بێدەنگ نەمێنن و تێکۆشان مەزن بکەن و وتیان: ئیرادەی خۆمان لە پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ و یەژاستار و یەژەشەوە وەردەگرین، بانگەوازیی خۆپاراستن دەکەین و دەڵێین پێویستە لە هەموو کات زیاتر ڕۆحی تێکۆشان بەهێزتر بکەین.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیان هاتووە: بە ڕۆحی سەردەمی "ژن، ژیان، ئازادی" کە بووەتە دەنگی ژنانی جیهان و هێمای ئازادیی، دەنگمان هەڵدەبڕین، بە ڕێکخستنی هەموو ژنانی جیهان، ئازادیی و سەرکەوتن مسۆگەر دەکەین.

 

ڕاگەیەندراوەکە بە دروشمی "ژن ،ژیان، ئازادی، بژی سەرۆک ئاپۆ" کۆتایی هات.