دەستەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان نایەکسانی ڕەگەزی لە ئەفغانستان ئیدانە دەکات

کۆمیسیۆنی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردەوە کە هەموو دەستکەوتەکانی ژنان و یەکسانی ڕەگەزی کە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا بەدەست هاتوون، تەنیا لە ماوەی سێ ساڵی دەسەڵاتی تاڵیباندا لەناوچوون.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ کۆمیسیۆنی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڵاوکردنەوەی ئەنجامی ڕاپۆرتێکی شیکاری و ڕاپرسی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی تاڵیبان لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ٢٠٢١دا کۆنترۆڵی ئەفغانستانی کردەوە، ئەو زوڵمەی کە ژنانی ئەفغانستان تووشی دەبن، بێ وێنەیە.

 

کۆمیسیۆنی ژنان ڕاپرسییەکەیان لەسەر ئەو ژنانە کردووە کە دوای دەستبەسەرداگرتنی تاڵیبان تووشی هەڵاواردنی ڕەگەزی بوون، باسیان لەوەکردووە، کە چۆن دەیان ساڵ پێشکەوتنی یەکسانی ڕەگەزی لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵدا بەهۆی دەرکردنی زیاتر لە ٧٠ فەرمانی تاڵیبانەوە لەناوچووە.

 

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە دابڕانی کۆمەڵایەتی ژنانی گەیاندووەتە نائومێدبوون، "تەنها ٪١ لە ژنان هەست دەکەن کە کاریگەرییان هەیە لە کۆمەڵگەدا، هەروەها ٪٨ی ئەو ژنانەی بەشدارن لەم ڕاپرسییەدا ڕایانگەیاندووە کە ژنێکیان ناسیوە دوای دەسەڵاتداری تاڵیبان خۆی خوشتووە، ٪١٨ ڕایانگەیاندووە، کە لە سێ مانگی ڕابردوودا هەرگیز ژنانی دەرەوەی خێزانەکانیان نەبینیوە".

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە دەرکەوتووە، کە دوای نزیکەی سێ ساڵ لە دەسەڵاتی تاڵیبان و دوورخستنەوەی ژنان لە هەموو کایەکانی ژیان، ئیرادەی ژنان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان بەهێزتر بووە.

 

ئەلیسۆن دەیڤیدیان، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان، دەڵێت: ژنانی ئەفغانستان بەرخۆدانێکی نائاسایی نیشان دەدەن، لەبەرامبەر ئاستەنگە گەورەکاندا، ژنان بەردەوامن لە بەڕێوەبردنی ڕێکخراوەکان و کاروبارەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، دەبێت پەرە بە بەرخۆدانیان بدەین.

 

هەروەها وەزارەتی کاروباری ژنانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیاری کرد کە پشتیوانی لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ژنانی ئەفغانستان بکرێت بە تەرخانکردنی ئابووری درێژخایەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دۆخە.