نەخۆشخانەی سەرەکی لە شاری فاشر بەهۆی هێرشی هێزەکانی پشتیوانی داخرا

ئاژانسی ڕۆیتەرز، لە زاری ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوورەوە بڵاویکردەوە، هێزەکانی پشتیوانی خێرا هێرشیان کردە سەر نەخۆشخانەی سەرەکی شاری فاشری سودان و بەهۆیەوە نەخۆشخانەکە چیتر ناتوانێت نەخۆش چارەسەر بکات.

ناوەندی هەواڵ

 

شاری فاشر دەکەوێتە ناوچەی دارفور لە باکووری ڕۆژئاوای سودان، زیاتر لە ملیۆنێک و ٨٠٠ هەزار کەسی تێدا نیشتەجێیە، جگە لەوەش ئاوارەکانیشی تێدایە و شارەکە بووەتە دوایین بەرەی ململانێی بەردەوام لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا.

 

دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان دا لە "مەترسییەکی نزیک لە برسێتی" کە ڕووبەڕووی گەلی سودان دەبێتەوە بە پێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی ١٣٠ هەزار کەس بەهۆی شەڕ لە مانگی نیسان و ئایاری ڕابردوودا لە شاری فاشر ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە.

 

پزیشکانی بێ سنوور ڕایانگەیاندووە، نەخۆشخانەی باشوور تاکە نەخۆشخانە بووە لە شاری فاشر کە توانای مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی گیان لەدەستدان و بریندارەکانی هەبووە لە ئەنجامی ئەو پێکدادانانەی ڕۆژانەوە ڕوویانداوە.

 

لە نێوان ١٠ی ئایار بۆ ٦ی حوزەیران، نەخۆشخانەکە هەزار و ٣١٥ برینداری وەرگرتووە، هاوکات ٢٠٨ کەس لەناویدا گیانیان لەدەستداوە، جگە لەوەش بەهۆی شەڕەوە ژمارەیەکی زۆر تاک ناتوانن بگەنە ئەو نەخۆشخانەیە.

 

میشێل ئۆلیڤیێر، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنە فریاگوزاریەکان ڕایگەیاند، تەقەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا لەناو نەخۆشخانەکەدا هەڵوێستێکی خراپە، هەرچەندە پێشتر نەخۆشخانەکە دەستی بە پرۆسەی چۆڵکردنی نەخۆشەکان کردووە، بەڵام لە ٢٥ی ئایارەوە ٣ جار زیانی پێگەیشتوو.

 

ژووری فریاکەوتن لە شاری فاشر و کامپەکان، بڵاویانکردەوە، هێرشەکەی چەکدارانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بووە هۆی گیان لەدەستدان و برینداربوونی چەندین کەس.

 

هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەرپرسیارن لە هێرشەکان

دوێنێ، هێرشێکی دیکە بۆ سەر کامپێک کە دەکەوێتە باکووری شارەکە ڕوویدا، کاریگەری لەسەر ناوەندێکی تری پزیشکی دروستکردووە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٣٠ کەسیش برینداربوون.

 

ئەوانەی لە فاشر ئاوارە دەبن، لەسەر ڕێگای سەرەکی کە بەرەو دەرەوەی شارەکە دەڕوات، لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا ڕێگریان لێدەکرێت، هێرشیان دەکرێتە سەر و تەنانەت دەکوژرێن و لە پاشانیش تاڵانیان دەکەن.

 

بە وتەی کارمەندێکی فریاگوزاری و دانیشتوانی ناوچەکە، زۆربەی ئەوانەی هەڵدێن، یان بەرەو باشوور بەرەو کامپی زامزم یان ڕۆژئاوا بەرەو ناوچەکانی تەویلە و جەبەل مەرا کۆچ دەکەن، کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە کۆنترۆڵکراون.