بەهۆی شەڕی سودانەوە ژنان پەروەردەی بەکارهێنانی چەک دەبینن

ئەو ژنانەی دوای شەڕی ناوخۆی سودان کە ماوەی دوو ساڵە بەردەوامە، ڕووبەڕووی دەستدرێژی و ڕفاندن بوونەتەوە، بەردەوامن لە پەروەردەی چەک و شەڕ.

ئایە ئیبراهیم

 

سودان- بەهۆی بەردەوامی شەڕی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە زۆر شوێن ژنانی سودان لە دۆخێکی سەختدا دەژین، ئاسایش نییە و ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی و ڕفاندن و دەستدرێژی دەبنەوە، هەروەها ئەمەش ڕێگەی پێدان کە ڕوو لە کامپەکانی پەروەردە بکەن بۆ مەشق و ڕاهێنان لە بەکارهێنانی چەک، بەمەش هەوڵ دەدەن خۆیان بپارێزن و ڕووبەڕووی ئەو ڕووداوانە ببنەوە کە دێنە بەردەمیان، گەلی سودان هەنگاوێکی نوێیان دەستپێکردووە کە بۆ ئەوان زۆر جیاوازە، ئیستا ژنانی سودانی بەشداری کامپەکانی پەروەردە دەکەن لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی چەکی سووکە.

 

"لەبەرئەوەی ئاسایش و سەقامگیری نییە، ژنانی سودان فێری بەکارهێنانی چەک دەبن"

سامیا تەیب، پزیشکی ددان و سکرتێری دەستپێشخەری ژنانی سودان کە یەکەم کەس بوو کامپێکی پەروەردەی بۆ ژنان دروستکرد و ژنان فێری هونەری جەنگ دەکات، وتی: لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕەکەدا ژمارەیەک ژنی سودانی دەستیان بە پەروەردە کرد، ئامانجمان پشتیوانی هێزەکانمانە، لە شاری خەرتومی پایتەخت کارم دەکرد، بەڵام بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە دەستم بە پەروەردەی سەربازی کرد، ژنان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی شەڕەوە، چونکە مافەکانیان پێشێل کراوە، ماڵ و کاریان لەدەستداوە، ئاسایش و سەقامگیری نییە، هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەی ژنانی سودان چەک هەڵبگرن.

 

"لە ساڵی ١٩٩٠ یەکەمین گروپی سەربازی ژنان لە سودان دامەزرا"

"خوشکەکانی نەسیبە" یەکەمین گروپی سەربازی ژنانە لە سودان، کە لە ساڵی ١٩٩٠ لەلایەن پارتی ئیسلامی پێشوو بە سەرۆکایەتی عومەر بەشیر دامەزراوە،  دوای ئەوەی ژنان پەیوەندیان بە پەروەردەی سەربازییەوە کرد، لەو کاتەدا ئەم گروپە سەربازییە لە کاتی شەڕی ناوخۆ دژی باشووری سودان پاڵپشتی سوپایان دەکرد و دواجار ئەم شەڕە بە دابەشکردنی سودان بۆ دوو بەش کۆتایی هات.

 

هەمان شت لە شەڕی بەردەوامدا ڕوویدا لە کاتی کردنەوەی یەکەم کامپی پەروەردە بۆ ژنان لە ویلایەتی نیل ڕیڤەر لە باکووری وڵات لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا.

 

ئالا ساڵح تاهیر لە زانکۆی ئەلئەهلیە  کە لەزانستی بەڕێوەبردن دەخوێنێت، تەمەنی ٢٢ ساڵە و بڕیاریداوە بچێتە کامپەکانی پەروەردەی ژنان.

 

"خۆت پەروەردە بکە بۆ ئەوەی خۆت بپارێزیت"

ئالا ساڵح تاهیر لە مانگی ئابدا پەیوەندی بە کامپەکانی پەروەردەی ژنانەوە کردووەو ئاماژەی بەوەکرد، بۆ ماوەی ٤٥ ڕۆژ لەسەر چۆنیەتی کردنەوە و دانانی چەکی کڵاشینکۆف و تەقاندنی فیشەک پەروەردەی وەرگرتووە، ژمارەی ئەو ژنانەی کە لەگەڵیدا پەروەردەیان وەرگرتووە ٢٨٥ ژنە، وتی: ئامانجی من بە بەشداریکردن لە کامپەکانی پەروەردە پاراستنی خۆم و خێزانەکەم و سەرجەم ژنانی سودانییە.

 

 داوای لە سەرجەم ژنان رد بچنە ناو کامپەکانی پەروەردە و بتوانن خۆیان بپارێزن.

 

بەهۆی بەردەوامی شەڕەوە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان دەڕفێندرێن و دەستدرێژییان دەکرێتە سەر

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە یاساییەکان، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لە سودان، ژنان ڕفێندراون و دەستدرێژییان کراوەتە سەر.

 

لەماوەی ڕابردوودا، سولەیمی ئیسحاق، بەڕێوەبەری یەکەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بە میدیا ناوخۆییەکانی ڕاگەیاندبوو، لە سەرەتای شەڕەوە تا ئێستا ١٥٧ ژن توندوتیژژیان بەرامبەر کراوەو ژنان لە هەموو تەمەنێکدا تووشی توندوتیژی زایەندی بوون.