له‌ ڕۆژی جیهانی منداڵانی ونبوودا؛ منداڵانی هەڵەبجە‌ دووجار ون بوون

لە ڕۆژی جیهانی منداڵانی ونبوودا، منداڵانی هەڵەبجە دووجار بەرکەوتەی زیانەکانن، چونکە هەم ئاوارەی دوو وڵاتن و بەهۆی کەمتەرخەمیشەوە ناتوانن بە خێزانەکانیان شاد ببنەوە.

هەڵەبجە

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کە هۆڵی مۆنۆمێنتی شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌ یادی ڕۆژی جیهانی منداڵانی ونبوو بە ناونیشانی "پێویستی هه‌وڵی هه‌ماهه‌نگی بۆ دۆزینه‌وه‌ی منداڵه‌ ونبووه‌كان و پشتگیری خێزانه‌كانیان" کرایەوە.

 

چیا منداڵێکی ونبووی هەڵەبجەیە، کە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجە چووەتە ئێران و لە کرماشان لەلایەن خێزانێکەوە بەخێو کراوە و ناوی ئەعزەم محەمەدی لێنراوە، دوای ئەوەی لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا چیرۆکی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە دەبیستێت، پێی دەڵێن نیشانەکانت دەریدەخەن کە هەڵەبجەیت، دوایر لە هەمەدان پشکنینیان بۆ کردووە و دەرکەتووە کە هەڵەبجەییە.

 

چیا لە ١٦ی ئاداردا دێتەوە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە و بە کەسوکاری شاد دەبێتەوە، وتیشی: لەگەڵ هاوژینەکەم بوو بە کێشەمان، لەبەر ئەوەی کەسوکارم نەماوە و وەک هاوڵاتی عێراق ناسنامەم نییە، منداڵەکانیان لێ وەرگرتمەوە و ناتوانم منداڵەکانیشم ببینم.

 

وەک خۆی باسی دەکات، ماوەی ٩ ساڵە بە سەختی ژیان تێدەپەڕێنێت، چونکە بەشێکی لە ئێرانە و بەشێکی لە هەرێمی کوردستانە، وتیشی: ژیانیان شێواندووم و ئێستا ئاوارەم و لە گوڵەخانەم، تاوەکو ئێستا کەس لێم ناپرسێتەوە.

 

مریه‌م باروتچیان، ناوی منداڵێکی ونبووە لە ئێران، دواتر دەبێتە هاوناز و ئێستاش ناوی ژیان کامەرانە، وتی من یەکێکم لە منداڵە دۆزراوەکان، ئێستا ناوم ژیانە و کچی کامەرانم، من خۆم بە کچی هەموو هەڵەبجەییەک دەزانم، بەڵام نەمتوانی بە دایک و باوکم شاد ببمەوە.