لوەیزە حەنوون خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری جەزائیر کاندید کرد

لوەیزە حەنوون سکرتێری گشتی پارتی کرێکارانی جەزائیر کە چەند جارێک زیندانی کراوە، ئاماژەی بەوەکرد، جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

بڕیارە ٧ی ئەیلوولی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی لە جەزائیر بەڕێوەبچێت، کە دەکاتە سێ مانگ بەر لە وادەی یاسایی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لەو وڵاتە.

 

پارتی چەپی کرێکارانی جەزائیر ئاشکرایکرد، لوەیزە حەنوون، سکرتێری گشتی پارتەکە کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمار، کە بڕیارە مانگی ئەیلوولدا بەڕێوەبچێت.

 

لەبارەی کاندید بوونییەوە، لوەیزە حەنوون وتی: ئەم بەشداریکردنە نوێنەرایەتی “سەرکەوتنێکی دیموکراسی” دەکات، بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی “بەرگریکارانە” نابێت بەڵکو “هێرشبەرانە” دەبێت.

 

لوەیزە حەنوون، کە لە تەمەنی ٧٠ ساڵدایە، یەکەم ژنە لە جەزائیر سێ جار چووەتە ڕکابەریی سەرۆکایەتی کۆمار لە ساڵانی ٢٠٠٤، ٢٠٠٩ و ٢٠١٤دا.

 

بەهۆی چالاکییە سایسییەکانی و داکۆکیکردن لە مافی ژنان، لوەیزە حەنوون لە ساڵانی هەشتاکاندا زیندانی کراوە، هەروەها لە ئەنجامی دەستپێکردنی بزووتنەوەیەکی جەماوەریی لە ساڵی ٢٠١٩دا، بە تۆمەتی “پیلانگێڕیی دژی دەوڵەت و سووپا” زیندانی کرا و لە ساڵی ٢٠٢١دا دادگا بێتاوانی لەو تۆمەتانە ڕاگەیاندن و ئازاد کرا.