"بەرخۆدانمان لە دژی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوام دەبێت"

ژنانی عەفرین، کە کۆچیان کردووە بۆ کانتۆنی شەهبا، دووپاتیان کردووەتەوە کە حکومەتی تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەی هێرشەکانەوە سیاسەتی برسێتی بەسەر کۆچبەرانی عەفرین لە شەهبا بەردەوامی پێبدات.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- دەوڵەتی تورک و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا لەو ڕۆژەوە کە عەفرینیان داگیرکرد، هێرشەکانیان بۆ سەر کۆچبەرانی عەفرین لە کانتۆنی شەهبا ڕانەگرتووە، لە ڕێگەی هێرشەوە دەیانەوێت ئیرادە و هێزی ئاوارەکان لاواز بکەن و دەستبەرداری بەرخۆدان ببن، ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان وەرزی کشتوکاڵ لە تەواوی ناوچەکە دەستی پێکردووە و دەوڵەتی تورکیش کاتێک هێرشەکانی ئەنجام دەدات، دەستبەجێ کێڵگەکانی خەڵک دەکاتە ئامانج و کێڵگەکان ئاگریان تێبەردەدرێت، ئەمەش زیانێکی لێدەکەوێتەوە و ئامانجەکەشی ئەوەیە سیاسەتی برسیکردن بەسەر کۆچبەرانی عەفرین لە شەهبا جێبەجێ بکەن.

 

"دەوڵەتی تورکیا ناتوانێت بەرخۆدانی گەل ڕابگرێت"

فاتیمە بریمۆ کۆچبەرێکی عەفرینی دانیشتووی کانتۆنی شەهبایە، ڕایگەیاند، نە هێرشەکان و نە هەڕەشەکانی داگیرکەران ناتوانن ئیرادە و بەرخۆدانیان بشکێنن، "ئێمە ماوەی ٧ ساڵە لە شەهباین، لە کۆچبەریشدا بەرخۆدان و تێکۆشان دەکەین، تەنها بۆ ئەوەی بە کەرامەتەوە بگەڕێینەوە بۆ وڵاتەکەمان، با دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەرگیز بە خەیاڵیدا نەیەت کە ئێمە دەستبەرداری بەرخۆدانی خۆمان دەبین و تەسلیمی داگیرکارییەکە دەبین، ئێستا وەرزی کشتوکاڵییە و خەڵک بە کشتوکاڵ بژێوی ژیانی خۆیان دابین دەکەن، بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هێرشەکانی کێڵگەکان و خۆراکی خەڵک دەکاتە ئامانج، ئێمە دەڵێین داگیرکاری تورکیا ناتوانێت بەسەر سیاسەتی برسێتی خۆیدا زاڵ بێت و ڕێگری لە بەرخۆدانی خەڵک بکات.

 

"ئێمە لە هێرشی داگیرکاری ناترسین"

فیدان بەکر کۆچبەرێکی دیکەیە و هێرشە لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیای شەرمەزار کرد و داوای کۆتاییهێنانی  بەو هێرشانە کرد و وتی: ئێمە لە خاکی خۆمان دوور کەوتووینەتەوە و پەنامان بۆ ناوچەکانی کۆچ بردووە، بە درێژایی ساڵانی کۆچکردن، سەرەڕای ئەو هەموو سەختییە و نەبوونی دەرفەتی ژیان، ئێمە هێشتا لە دژی داگیرکاری تورکیا بەرخۆدانی دەکەین و بە چالاکییەکانمان ئیدانەی دەکەین، داگیرکەری تورکیا هەوڵ دەدات بە سیاسەتی داگیرکاری خەڵک بترسێنێت، بەڵام ئێمە لە تۆپباران ناترسین و تا گەڕانەوە بۆ عەفرینیش شەهبا بەجێناهێڵین.