کاندیدە ژنەکانی شەهبا: شارەوانی دیموکراتیک ئاوا دەکەین

کاندیدە ژنەکانی کانتۆنی شەهبا کە لە پێش هەڵبژاردنەکانی کۆنگرەی ستار بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان هەڵبژێردران، ڕایانگەیاند کە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بە شارەوانی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژی و ژنان بنیات دەنێین.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- ڕۆژی ٣٠ی ئایار هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەدەچێت، بۆیە کاندیدان لە کانتۆنە جیاواز بە هەڵبژاردنێکی پێشوەختە هەڵدەبژێردرێن و لە ٢٧ی نیسانەوە کۆنگرەی ستار پێش هەڵبژاردنی لە ٥ هەرێم بەڕێوە بردووە و کاندیدانی ژن لەلایەن ژنانەوە دیاری کران.

 

لەم پێش هەڵبژاردنانەدا کە کاندیدەکانی ژن بە دەنگی ژنان هەڵبژێردران، عەسوم حەمدا لە شێراوا، فاتیمە بەهیر ئیبراهیم لە ناوچەی تل ڕەفعەت، ئیمان حسێن تۆکۆ لە ناوچەی ئیحراز، ڕۆزلین کۆشان لە ناوچەی ئەحداس و گەلاوێش سلێمان لە ناوچەی فافین هەڵبژێردران بۆ هاوسەرۆکی شارەوانییەکان.

 

فاتیمە بەهیر ئیبراهیم، کاندیدی هاوسەرۆکایەتی شارەوانی تل ڕەفعەت باسی لە کار و چالاکییەکانی لە سەردەمی شۆڕشی ڕۆژئاوادا کرد و وتی: کاتێک لە عەفرین بووین، لە پێکهاتەکان و لەناو خەڵکدا کارم دەکرد، لە سایەی شۆڕشی ڕۆژئاوا بوونی خۆمان سەلماند، پاشان چووینە ناو کاری شارەوانیەکان و ڕەنگی ژنان و مافەکانیان هێنایە پێشەوە، لەسەر ڕێبازی ڕێبەر ئاپۆ، خۆمان پەروەردە و ڕێکخست بۆ ئەوەی شایستەی ئەو شۆڕشە بین، ئێمە وەک ژن لە دامودەزگاکاندا جێگەی خۆمان گرتەوە و کاری ئەنجومەن و پاراستنی گەلمان بەڕێوەبرد و ڕێکخست، ئێستاش وەک سەرۆکی شارەوانی بەردەوامم و بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەم، بۆ یەکەمجار ژنان بە دەنگ و ڕەنگی خۆیانەوە بەشداری لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان دەکەن لەسەر ئاستی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە هاوکات شوێنی سەرکەوتنی شۆڕشی ژنە، ئەو هەڵبژاردنە سەرەتاییە ناوخۆییانە کە بەڕێوەچوون، ڕۆژانی مێژوویی بوون بۆ خەڵک.

 

"بە دەنگی ژنان شارەوانییەکی دیموکراتیک ئاوا دەکەین"

فاتیمە بەهیر ئیبراهیم ڕایگەیاند کە بە سیستمی نەتەوەیی دیموکراتیک کۆمەڵگەیەکی ئازاد بنیاد دەنێن و لە کۆتاییدا وتی: کاتێک ژنان بە هەموو ڕەنگەکانیانەوە چوونە بنکەکانی دەنگدان و کاندیدەکانیان هەڵبژارد، ئێمە بەڵێنمان بە گەلەکەمان دا کە تا دەتوانین، خزمەتیان دەکەین و بەرەنگاری هەموو ئەو هەلومەرجە سەختە و ئەو دۆخە دەجەنگین کە شەهبا پێیدا تێدەپەڕێت، ئێمە لە پاڵ گەلەکەماندا دەوەستین و پێکەوە ژیانێکی ئازاد بنیاد دەنێین.

 

"ئێمە دەبینە چارەسەری کێشەی خەڵک"

ئیمان حسێن تۆکۆ لە کانتۆنی شەهبا و لە پێش هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و وتی: بە ڕزگارکردنی کانتۆنی شەهبا لە چەتەکان و دامەزراندنی دامەزراوەی خۆبەڕێوەبەری لەم ناوچەیەدا من کەوتوومەتە ناو کارەوە، بە هۆی نەریتی کۆمەڵگەوە ئاستەنگی زۆرمان بینی، بەڵام لە ڕێگەی خەباتەکانمان لە دامودەزگاکانی خۆبەڕێوەبەریدا، ڕێگای ڕاست و حەقیەقەتمان دۆزیەوە، ٧ ساڵ بەسەر ئەم خەباتەدا تێپەڕیوە، منیش پێشەنگایەتی خەباتی ژنانم لە ئەنجومەن و دامەزراوەکاندا کردووە. لە دامودەزگای ئابوریدا جێگەم وەرگرتووە و لەوێ ڕەنگی ژنانم نیشاندا، ئێستاش لە ناوچەی ئەحراس خەباتی شارەوانی بەڕێوە دەبەم.