دوای ١٩٠ ڕۆژ لە شەڕی غەززە هەزاران کەس گیانیان لە مەترسیدایە

شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بۆ حەوتەمین مانگ بەردەوامە و هەزاران کوژراو و بریندار و بێسەروشوێن و بارودۆخی کارەساتباری لەژێر گەمارۆی خنکێنەردا لێکەوتووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

هێزەکانی ئیسرائیل ماوەی ٧ مانگە بەردەوامن لە ئەنجامدانی تاوان و جینۆساید دژی خەڵکی مەدەنی لە کەرتی غەززە، بەهۆی ئەنجامدانی دەیان هێرشی ئاسمانی و کۆمەڵکوژی خوێناوی دژی خەڵکی مەدەنی، کارەساتی مرۆیی بەسەر خەڵکدا دێت.

 

سەرچاوە فەلەستینییەکان بڵاویانکردەوە، دوای هێرشێکی ئاسمانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دەوروبەری شاری شێخ زەید لە باکووری کەرتی غەززە، دوو کەس کوژران و لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵێک لە دێر ئەلبەلا لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە ژمارەیەکی دیکە برینداربوون.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکە ئیسرائیلییەکان هەڵمەتە توندوتیژەکانیان بۆ سەر پارێزگای ناوەڕاست و گەڕەکەکانی ئەلزەیتون و ئەلدەراج چڕتر کردووەتەوە، جگە لە ناوچەی ئەلفوخاری لە باشووری کەرتی غەززە، هەروەها بۆردوومانی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی جەبەلیایان کردووە و دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

 

ژمارەی قوربانیانی شەڕی حەوت مانگەی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بۆ ٣٣ هەزار و ٦٣٤ کوژراو و ٧٦ هەزار و ٢١٤ بریندار بەرزبووەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل ٨ کۆمەڵکوژییان لە دژی خێزانەکان ئەنجامدا و لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا ٨٩ کوژراو و ١٢٠ برینداری لێکەوتەوە و ژمارەیەک قوربانیش لە ژێر داروپەردوودا ماونەتەوە.