یەکەم پەرتوکخانە بۆ منداڵان لە قامیشلۆ کرایەوە

لەیلا محەمەد، بەڕێوەبەری پەرتوکخانەی منداڵان بە ناوی :مەکتەبەتی" دەربارەی یەکەم پەرتوکخانەی منداڵان لە قوتابخانەی شەریف ئەلڕادی قسەی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، ئامانجیان پەرەپێدانی کولتووری خوێندنەوەیە لە کۆمەڵگەکەدا.

زەینەب عیسا

 

قامیشلۆ- خوێندنەوە زۆر گرنگە بۆ گەیشتن بە زانین و زانیاری نوێ، هەروەک زانیاری کەسێک زیاد دەکات، هەروەها شارەزایی زۆر دەکات، لەیلا محەمەد، بەڕێوەبەری "مەکتەبەتی" یەکەم پەرتوکخانەی منداڵان لەبارەی پەرتوکخانەکە قسەی بۆ کردین.

 

وتی: نزیکەی دوو مانگ تێپەڕیوە لەکاتی دەستپێکردن بۆ کردنەوەی ئەم پەرتوکخانەیە، کردنەوەکەی بیرۆکەی کەسێک بوو لە دەرەوەی وڵات، ئەو دەیویست شتێکی بەسوود بکات بۆ منداڵان بۆ ئەوەی زانیاری منداڵەکانمان زیاد بکات.

 

"پەرتوک بە زمانی کورد، بە عەرەبی و ئینگلیزی هەن"

لەیلا محەمەد ڕایگەیاندم ئامانجیان لە کردنەوەی پرتوکخانەکە پەرەپێدانی کولتووری پەروەردەی منداڵانە لە کۆمەڵگەدا وتی: پەرتوکی ناو پەرتوکخانەکە بە زمانی عەرەبی، کوردی و ئینگلیزی هەن و ژمارەیان  نزیکەی ١٣٠ پەرتوک دەبن، گرنگی ئەم پەرتوکخانەیە بۆ منداڵان ئەوەیە کە خوێندنەوە و زانیاریەکانیان زیاد بکەن، نەک کاتی خۆیان بەفیڕۆ بدەن، هەندێک جار مامۆستاکان خوێندکارەکان دەهێنن بۆ پەرتوکخانەکە  بۆ ئەوەی فێری خوێندنەوەیان بکەن، ئامانجی ئێمە لە کردنەوەی ئەوەیە کە پەرە بە کولتوری خوێندنەوە بدەین لە کۆمەڵگەکەماندا.

 

"پێویستە لە هەموو خوێندنگەکاندا پەرتوکخانە بکرێنەوە"

لەیلا محەمەد داوای کرد لە هەر خوێندنگەیەک پەرتوکخانە بکرێتەوە و لە کۆتاییدا وتی: دەمەوێت لە داهاتوودا پەرتوک لە پەرتوکخانەکەماندا زیاد بکرێت و مامۆستاکان زیاتر دەربارەی قوتابییەکانیان بزانن و پەرتوکی هەموو زمانەکان لە پەرتوکخانەکەدا هەبێت، هیوادارین پەرتوکخانە لە هەموو خوێندنگەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بکرێنەوە بۆ ئەوەی ئەم نەوەیە خوێندەوارو شارەزا و دانا و بەهرەمەند بن.